رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان دەڵێ، یاریی GTA حەرامە، چونکە "شتی خراپ و هاندان بۆ توندوتیژی و سەرەرۆیی و ماددەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی و شتی دیکەی تێدایە."
دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی بە رووداوی گوت یارییەکە شتی خراپ، هاندان بۆ تووندوتیژی و سەرەرۆیی و ماددەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی و شتی دیکەی تێدایە، هەروەها زیان بە ماڵ و خێزان و سامان و گەنجانان دەگەینێت، بۆیە بەپێی شەریعەتی ئیسلام "حەرامە ."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێ، مامەڵەکردن بەو یارییە و پارەکەشی حەرامە ، ئەوەش بە بەڵگەی فەرموودەیەکەی پەیامبەری ئیسلام کە فەرموویەتی، "دروست نییە زیان لە خۆت و دەوروبەر بدەیت."
دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەختی لەوە کردووەتەوە، "یەکێتیی زانایان بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسی ئەو دیاردانە هۆشیار کردووەتەوە، کە زیانیان بۆ سەر گەنج و لاوان یان خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چ مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بێت، یان یاریی ئەلیکترۆنیی نادروست، یان هاندانی گەنجان بۆ تووندڕەوی و کاری خراپ و ناشایستە."
داواشی لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بە زووترین کات رێگە لەو جۆرە ماڵپەڕ، ئەپڵیکەیشن و یارییانە بگرن کە گەنجان بەرەو ئاڕاستەی خراپ دەبەن و چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن. هەروەها داوای لە دایک و باوکان و خێزانەکان کردووە، رێگە نەدەن رۆڵەکانیان ئەم جۆرە "یارییە نەشیاوانە" بەکاربهێنن.




