رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵەکانی جیاکردنەوەی سلێمانی بە "خەیاڵ" ناودەبات و دەڵێ، ناکرێ سلێمانی جیابکرێتەوە کە مەڵبەندی کوردایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستانە؛ لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیش دەڵێ دواجار هەردوو حیزب رێکدەکەون.
ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026، سالار عەزیز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە دەنگۆی جیاکردنەوەی سلێمانی و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵەکانی جیاکردنەوەی سلێمانی، سالار عەزیز گوتی: "ئەوە خەیاڵە، چونکە دۆخی واقیعی ناوچەکە و کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هی ئەوە نییە کە ئەوە رووبدات."
ئەو سیاسەتمەدارە جەختی لە یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "کوردستان یەک کوردستانە و ناکرێ جیابوونەوەی سلێمانی رووبدات کە مەڵبەندی کوردایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستانە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سالار عەزیز باسی لە زەوینەسازی بۆ کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کرد و گوتی: "پێویست دەکات هەموومان وەک کورد پێکەوە بین."
لە وەڵامی پرسیاری پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی ئایا پێی وایە یەکێتی و پارتی رێکدەکەون، سالار عەزیز گوتی: "رێکدەکەون و سیاسەتی دروست ئەوەیە کە دەبێت پێکەوە بن. هەر هەوڵێک کە نیازی هەبێت لە کوردستان لە یەکڕیزی و لە یەکبوونی ئەم وڵاتە لابدات، پێم وایە زەرەر دەکات."
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و پارتی، جەختی لەوە کردەوە کە "لە کۆتاییدا هەر ئەوە روودەدات."



