رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێ، نووسراوێکی فەرمیی حکومەتی عێراقیان سەبارەت بە راگرتنی کاتیی پلاتفۆرمی تەلەگرام بەدەست گەیشتووە و داوایان لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە کاری پێویست لەو بارەیەوە بکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، نووسراوە فەرمییەکەی حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەیشتووەتە دەستیان و تێیدا بڕیاری راگرتنی کاتیی تەلەگرام دراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، راگرتنەکە "بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاساییە کە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی گوتاری تووندوتیژی و رق و کینە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە حکومەتی عێراق دەرفەتی 30 رۆژی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی پلاتفۆرمەکە بەڕێوەدەبات کە لەو ماوەیەدا پابەندی یاسا و رێنماییەکانی حکومەت بێت.
رۆژی 16-11-2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتی بە کۆمپانیای تەلەگرام دا بۆ ئەوەی دۆخی یاسایی خۆی لە وڵاتەکەدا رێکبخات.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکە پاڵپشت بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو دەسەڵاتانەی یاسا پێیداون، دەرکراوە.




