رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی دابەشکردن بەسەر ماڵاندا دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی سپی بۆ پۆلەکانی خوێندن دابین نەکراوە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان) لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانە دەخوێنن.
هەولێر داوای زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر دەکات
رۆژی دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە لەگەڵ نوێبوونەوەی ساڵ داتاکانمان کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین پێویستمان بە چەند نەوتە. ئەم ساڵیش داوای زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتمان کردووە، بەڵام هێشتا ئاگادار نەکراوینەتەوە کەی بۆمان دابین دەکرێ."
لە سنووری پارێزگای هەولێر هەزار و 632 قوتابخانە هەن. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی: "تازە دەست بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کراوە. ئەگەر نەوت گەیشتە دەستمان، سەرەتا لە قوتابخانەی ناوچە شاخاوییەکان دابەشی دەکەین کە ئەوان 110 لیتر وەردەگرن و قوتابخانەکانی دیکەش کە لە شوێنی زۆر سارد نین 100 لیتر".
ئەو بەرپرسە گوتی: "پاریش دوو ملیۆن و 400 هەزار لیترمان داوا کرد، بەڵام دوو ملیۆن لیتریان بۆ ناردین."
دهۆک: لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردن دەکرێ
کۆی گشتیی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگای دهۆک دەگاتە هەزار و 521 قوتابخانەی حکومی و تایبەت.
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "داوای نەوتمان کردووە و بڕیاریشە نەوت لەم رۆژانەدا بۆ ئەو قوتابخانانە دابین بکرێ کە دەکەونە ناوچە شاخاوییە ساردەکان".
بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک گوتی: "پێویستمان بە زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتە و لە کاتی گەیشتنی نەوتیش بۆ پارێزگاکە قسەمان لەگەڵ کردوون و گوتوویانە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا دابینی دەکەن."
هەڵەبجە و سلێمانیش داوای نەوتیان کردووە
لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەزار و 502 قوتابخانە هەن. نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ساڵانە لە کۆتاییەکانی مانگی 12 و سەرەتای مانگی 1 نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکانمان دابین دەکرێ. ئێمە داوای یەک ملیۆن و 600 هەزار بۆ دوو ملیۆن لیترمان کردووە و چاوەڕێین بۆمان دابین بکەن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، دابەشکردنەکە بەپێی هۆبەکان، رۆژەکان و مانگەکانی خوێندن و بەپێی پێویستی دەبێت، هاوکات ئاشکرای کرد کە ساڵی رابردوو یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتریان بۆ دابین کراوە.
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەشەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، داوای نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ ئەویش دابین نەکراوە.
بەگوێرەی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، وەرزی یەکەمی خوێندن لە 20-09-2026 دەستیپێکردووە و لە 72 رۆژی خوێندن پێکدێت، وەرزی دووەمیش لە 03-01-2027 دەستپێدەکات و ماوەکەی 89 رۆژ دەبێت.
کەرکووک؛ قوتابییان بە دەبە نەوت لە ماڵەوە دەبەنە قوتابخانە
دۆخی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک جیاوازە. کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "چەندین ساڵە داوای دابینکردنی نەوت لە هەموو لایەک دەکەین، بەڵام هیچ شوێنێک یەک لیتر نەوتی سپیش بۆ قوتابخانەکانمان دابین ناکات".
کامەران عەلی گوتی: "لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی فیدراڵین، بەڵام لەوێش رێکار و تێچووی زۆر دەکەوێتە سەر شانی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و دەڵێن دەبێت نووسراو بۆ پەروەردە ببەن و ئەوانیش نووسراو بۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن، ئەوانیش بەنزینخانەیەک لە دەرەوەی شار دیاری دەکەن کە بە نرخی بازاڕ نەوتەکە بکڕین و دەبێت خۆیشمان بیهێنینەوە، ئەمەش تێچووی زۆری دەوێ و بۆیە وەری ناگرین."
کامەران عەلی دەڵێ: "چەندین ساڵە هەر قوتابییەک لە ماڵەوە دەبەیەک نەوت دەهێنێت و هەمووی بەسەر پۆلەکاندا دابەش دەکەین، ئەگەرنا کەس بۆمان دابین ناکات. پێویستمان بە 565 بەرمیل نەوتە، چونکە 565 قوتابخانەمان هەیە و هەر یەکێکیان پێویستی بە بەرمیلێکە. بڕیارە ئەمڕۆ نووسراوێک بۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بنێرین تاوەکو ئەم ساڵ نەوتمان بۆ دابین بکەن."
ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان
دابەشنەکردنی نەوتی قوتابخانەکان لە کاتێکدایە، رۆژی 17-11-2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکرا.
رۆژی چوارشەممە، 18-11-2026، لە پارێزگای دهۆک دابەشکردنی نەوت دەستیپێکرد و هەر ئەو رۆژە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە قەزای هەریر و ناحیەکانی باسرمە و بالیسان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت. لەبارەی سلێمانیشەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی یان شەممە (20 یان 21ـی تشرینی دووەمی 2026) بەشێک لە بەشە نەوتی سپیی ماڵانی سنووری سلێمانی دەگات. رۆژی شەممەش نەوت لە سنووری پێنجوێن دەست بە دابەشکردنی کرا.




