رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێ، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێ و لە شارەکان هەور دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، کۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان بگرێتەوە و نزیکەی 15 رۆژ بەردەوام بێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشبینی دەکرێ لە کۆتایی ئەم مانگەوە بۆ نێوەڕاستی مانگی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری باشووری کوردستان بگرێتەوە.
شاڵاو هیدایەت لەبارەی پێشبینییەکانییەوە بۆ بارانەکە گوتی: "بەگوێرەی دوایین گۆڕانکاری و نیشانەکان، لە 28ی ئەم مانگەوە بۆ 12ی مانگی داهاتوو، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سیستمێکی تەڕ و باراناویی یەکجار زۆر باش و درێژخایەن."
ئەو کەشناسە گوتی: "شەپۆلی بارانی داهاتوو خۆی دەبینێتەوە لە هاتنی زنجیرەیەک شەپۆلی یەک لە دوای یەکی باران، هەورەبرووسکە، تەرزە، سەرما و بەفربارین. پێشبینیی بڕێکی زۆر لە باران دەکرێ لەو مەودایەدا کە دەکرێ ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەی مەترسیی لافاویان لەسەرە."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، لەو شەپۆلەدا لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێ، هەروەها لە هەر ناوچەیەک پەڵەی نەدابێت پەڵە دەدات.
شاڵاو هیدایەت گوتی، لەمڕۆوە تاوەکو هاتنی شەپۆلی بارانبارین لە کۆتایی ئەم مانگە، ناوبەناو لە ناوچەی جیاواز ئەگەری نمەبارانی کەم هەیە و پلەی گەرما جێگیر دەبێ، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکەدا پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ.
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێ، جگە لە پارێزگای دهۆک کە پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی دادەبەزێ. لە ناوچەکانی دیکە پلەی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبێت و جێگیر دەبێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، لە شەودا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری "کەمێک نمەباران" هەیە.
سبەی پلەی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 25 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 23 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 24 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 20 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 15 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 21 پلەی سیلیزی



