رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی سیستەمی پۆلیسی هەرێمی کوردستاندا، بنکەکانی پۆلیسی گەڕەکەکان دەگۆڕدرێن بۆ کەرتی نموونەیی و قۆناخی تاقیکردنەوەکەش لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزان لە هەولێر دەستپێدەکات. عەقید ئاهەنگ تاڵب، وەک یەکەمین ئەفسەری ژن بووەتە بەڕێوەبەری ئەو کەرتە کە لە رووی جوگرافییەوە گەورەترین کەرتی پۆلیسە لە هەولێر.
بەپێی سیستەمە نوێیەکەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ماوەیەکی نزیکدا کارکردن بە شێوازی کۆنی بنکەی پۆلیسی گەڕەکەکان نامێنێت و سیستەمی کەرتی نموونەیی جێگەی دەگرێتەوە. وەک قۆناخی تاقیکردنەوە و پێش گشتگیرکردنی، پڕۆژەکە لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستەی راوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپاش کە پاڵپشتیی پڕۆژەکە دەکەن، سەردانی کەرتەکەیان کردووە.
ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم ئەزموونە نوێیە خراوەتە سەر شانی عەقید ئاهەنگ تاڵب، کە دەبێتە یەکەمین و تاکە ئەفسەری ژن لەنێو ریزی ئەفسەرانی پیاودا پۆستێکی لەو شێوەیە وەربگرێت. عەقید ئاهەنگ تاڵب، بەڕێوەبەری کەرتی نموونەیی کەسنەزان دەڵێت: بیروڕایەکی کۆن هەبوو دەیانگوت پۆلیس تەنیا کاری پیاوانە، بەڵام من پێموانییە؛ ئەگەر ئافرەتیش بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتیی بدرێتێ، ئەویش دەتوانێت ئیشوکارەکانی خۆی وەک پیاو بەڕێبکات.
ئەمە یەکەمجار نییە عەقید ئاهەنگ لە مەیدانی کارکردنیدا رێچکەشکێن بێت؛ ئەو یەکەم ژن بوو کە لە ساڵی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا بووەتە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی هەولێریش. لەبارەی کارکردن لەو بنکەیە، عەقید ئاهەنگ دەڵێت: بنکەی نەوجەوانان تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە و دەبێت هەڵسوکەوت و چۆنیەتیی مامەڵەکردنت لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانەی سەردانی بنکە دەکەن، زۆر جیاواز بێت لەگەڵ بنکەکانی دیکە.
جگە لە ئەرکە فەرمییەکانی، ماوەی دوو ساڵە عەقید ئاهەنگ هاوشانی موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەفتانە سەردانی قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دەکەن و سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە تاوان و سزاکانیان رێکدەخەن.
موقەدەم کیفاح حەسەن لەبارەی رۆڵی ژنان لە پۆلیسدا دەڵێت: پێدانی بەرپرسیارێتی بە ئافرەتان روو لە زیادبوونە، هەروەک لەنێو خودی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا چەندین هۆبە و بەشمان هەیە کە ئافرەت بەڕێوەیان دەبات، ئەویش بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێرە.
عەقید ئاهەنگ تاڵب تەمەنی 45 ساڵە و دایکی دوو منداڵە؛ ساڵی 2004 بڕوانامەی لە کۆلێژی پۆلیس وەرگرتووە و نزیکەی 14 ساڵیش وەک ئەفسەری لێکۆڵینەوە کاری کردووە.



