رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی پێشکەوتنی کوردی پلانێکی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بڵاوکردەوە. بەگوێرەی پلانەکە، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەدەستهێنانی وەڵامێکی روون لە ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەبارەت بەوەی لەندەن چی دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا، چ پشتیوانییەکی کرداری پێشکێشی هەرێمی کوردستان دەکات و چۆن بەدواداچوون لەگەڵ هەردوو حکومەتدا دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم دۆوگوس، دامەزرێنەری سەنتەرەکە ناوەڕۆکی پلانەکەی بۆ رووداو ناردووە و لە بەشی یەکەمی پلانەکەدا هاتووە، ناوەندەکەیان ئەو هەنگاوە کردارییانەی خستووەتەڕوو کە ئێستا دەستیان پێکردووە و قۆناخەکانی داهاتوویانی دیاریکردووە.
ناوەندەکە نامەی بۆ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردان (ئەنجوومەنی پیران)، پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا و ئەندامانی پەرلەمانی وێڵز ناردووە و داوای لێکردوون دۆخەکە لەگەڵ ئێد میلیباند باس بکەن. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردان وەڵامیان داوەتەوە و ئەو پرسیارانەیان تۆمار کردووە کە ناوەندەکە پێشنیازی کردبوون.
بەگوێرەی پلانەکە، هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە تۆمارکردنی ئەو پرسیارانەی پێشکێش کراون، بڵاوکردنەوەی ژمارەی ئاماژەپێدانیان لە کاتی بەردەستبووندا و بەدواداچوون لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی دەتوانن پرسەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بوروژێنن.
سەنتەرەکە دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆش کردووە و لە رێگەیەوە پشتیوانان کۆدی پۆستەکەیان دەنووسن و راستەوخۆ نامەیەک بۆ پەرلەمانتاری بازنەکەیان دەنێردرێت کە داوایان لێدەکات نامە بۆ وەزیری دەرەوە بنووسێت. هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە داواکارییەکە لە رێگەی ئەندامانی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگە و پشتیوانانەوە بڵاوبکرێتەوە و داوا لە خەڵک بکرێت هەر وەڵامێکی پەرلەمانتارەکانیان بنێرنەوە، تاوەکو چاودێریی ئەوە بکرێت کە چی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ناوەندەکانی دیکەیان باس دەکرێت.
ناوەندەکە پەیوەندیی بە رۆژنامەڤانانی کاروباری دەرەوە و ژووری هەواڵی کەناڵەکانی بەریتانیاوە کردووە بۆ پێشکێشکردنی لێدوان و چاوپێکەوتنی خێرا لەگەڵ شرۆڤەکاران لە بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. لە هەنگاوی داهاتوودا، لیستێکی کورت لە کەسایەتییە سیاسییەکان، رۆژنامەڤانان، ئەکادیمییەکان و هاووڵاتییانی ئامادە، لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوون، زمانەکان و کاتی بەردەستبوونیان ئامادە دەکرێت و بەدواداچوون لەگەڵ رۆژنامەڤان و پرۆدیوسەرە پەیوەندیدارەکان دەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکاندا.
ناوەندەکە داوا لە گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە کورد دەکات داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ستیڤن دۆتی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، هەروەها بانگهێشتی گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بچنە پاڵ داواکارییەکە. هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە داوا لە سەرۆکی هەردوو گرووپەکە بکرێت هەوڵی سازدانی مێزگردێکی هاوبەشی بەپەلە بدەن و ئەگەر کۆبوونەوەکە بە خێرایی رێکنەخرا، داوای وەڵامی نووسراو بکەن.
گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە کورد لەو پەرلەمانتارە پێشووەکانی بەریتانیا و ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی پیران پێکدێت کە دەیانەوێت کار لەسەر پرسی کورد بکەن.
ناوەندی پێشکەوتنی کوردی لە پلانەکەیدا چوار هەنگاوی سەرەکیی بۆ قۆناخی داهاتوو دەستنیشان کردووە کە بریتین لە ناردنی نامەیەکی کورت لەلایەن ناوەندی پێشکەوتنی کوردییەوە بۆ ئێد میلیباند و ستیڤن دۆتی، شانبەشانی هەوڵە پەرلەمانییەکان. لە نامەکەدا پرسیار دەکرێت کە وەزیرانی بەریتانیا چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەبووە؟ چ هەنگاوێک دەنێن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی گرژیی سەربازی و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی؟ چ پشتیوانییەکی دیپلۆماسی یان تەکنیکی دەتوانن پێشکێش بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان، داهاتی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی؟
ناوەندەکە داوای وەڵامێکی نووسراو و دیاریکردنی کەسێکی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دەرەوە دەکات بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە.
هەنگاوێکی دیکەی ناوەندەکە پەیوەندییکردنە بە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەوڵەکانیان لەگەڵ هەردوو حکومەت و هاوبەشکردنی پوختەیەکی کورت لەو زانیارییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆکان بۆ 1ـی کانوونی یەکەم کراوە، داواکارییە بەپەلەکە چڕ دەکرێتەوە سەر ئەوەی بەریتانیا چی بکات بۆ هاندانی دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن.
ئەو ناوەندە راپۆرتێکی پوختی یەک لاپەڕەیی ئامادە دەکات کە تێیدا بڕیارەکانی بەغدا و وەڵامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روون دەکەنەوە. لە راپۆرتەکەدا جەخت لە سێ داواکاری دەکرێتەوە: "پەیوەندیی راستەوخۆی بەریتانیا لەگەڵ هەردوو حکومەت، پشتیوانیی کرداری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی دانوستاندنکارانە کە رێز لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بگرێت."
لە کۆتاییدا ناوەندەکە دەیەوێت تۆمارێکی هاوبەش بۆ هەموو پرسیارە پەرلەمانییەکان، وەڵامی وەزیرەکان، وەڵامی داواکارییە گشتییەکان، رووماڵی میدیایی و داواکارییەکانی دیکە دروست بکەن. هاوکات، ئەگەر وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هیچ وردەکارییەکی لەسەر هەنگاوە پلان بۆ دانراوەکان تێدا نەبوو، داوا لە پەرلەمانتارێک یان ئەندامێکی پشتیوانی ئەنجوومەنی لۆردان دەکرێت بەدواداچوون بۆ کەلێنە دیاریکراوەکان بکات؛ ئەگەر هێشتا هیچ وەڵامێکی جەوهەری نەبوو، هەوڵی سازدانی گفتوگۆیەکی کورت لە پەرلەمان دەدرێت.



