رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران بە جیا کۆدەبێتەوە و بڕیاریشە دواتر لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
یەکەم دیداری د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-4-2021 لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت. کۆبوونەوەی دووەمیشی لە کاژێر 12:00 لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەگەرچی شەوی رابردوو دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبووە و یەکیان بینیوە، بەڵام دیدارە فەرمییەکانی ئەمڕۆ دەستپێدەکەن و بڕیارە بۆ پاشنیوەڕ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، دواتریش بڕیارە سەردانی زۆربەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکات و لەگەڵ کەسی یەکەمی ئەو لایەنە سیاسییانە کۆببێتەوە.
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ کوردستان، پەیامنێری رووداو دەڵێ، ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یەکخستنی دەنگی کورد و پاراستنی پێگەکەیەتی لە بەغدا وەکو "سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق".
ئەم سەردانەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ هەولێر، دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت، کە لە 10ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 28-04-2021 د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێکرا.