رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هولیا ئاڤشار کە بە (ماڤی)ش دەناسرێت، لەسەر بانگهێشتی ژنێک، بۆ یاریی تێنس سەردانی گوندێکی رووهای باکووری کوردستان دەکات.
تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەبارەی دانیشتووانی گوندی کاباهیسار لە شارۆچکەی وێرانشاری سەر بە رووها بڵاوکردەوە کە تەواوی دانیشتووانەکەی یاریی تێنس دەکەن.
لە راپۆرتەکەدا ژنێک بەناوی (فاتما کاراگێچی) داوا لە هونەرمەند و سینەماکار (هولیا ئاڤشار) دەکات، سەردانیان بکات و بەیەکەوە یاریی تێنس بکەن.
فاتما رووی لە کامێرای رووداو دەکات و دەڵێ: "هولیا ئاڤشار! وەرە ئێرە با بەیەکەوە یاریی تێنس بکەین. زۆر خۆشە! وەرە ئێمە حەز بە میوان دەکەین، جا میوانمان بە و یاریش دەکەین، با بزانین کێ دەیباتەوە".
هولیا ئاڤشار نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 26-5-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڤیدیۆی راپۆرتەکەی رووداوی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "خوایە گیان چەند جوانن! لە یەکەم دەرفەت لەوێ دەبم و بێگومان پێویستە لەوێ یاریگایەکی جوانی تێنسیش هەبێت".
هەواڵەکە لە میدیای تورکیادا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەشێک خۆشحاڵی نیشاندەدەن و بەشێکی دیکەش ناڕەزایی نیشاندەدەن بەوەی راپۆرتەکە بە زمانی کوردییە و ژێرنووسی تورکیی بۆ کراوە.
هولیا ئاڤشار (ماڤی) کێیە؟
1963 لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا لەدایکبووە
باوکی (جەلال ئاڤشار) خەڵکی ئەردەخانی باکووری کوردستانە
لە هۆزی ئاڤشارە
بەهۆی ئەرکی فەرمانبەریی باوکییەوە تەمەنی منداڵیی لە ئەنقەرە بەسەر بردووە
1980 لە تەمەنی 16 ساڵیدا ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە
ماوەی هاوسەرگیرییەکەی زۆری نەخایاند و جیابووەوە
هولیا ئاڤشار لە ئیستەنبووڵ داواکاریی خرایە بەردەم بۆ ئەوەی کار لە نواندنی ریکلامدا بکات
ئەگەرچی باوکی رازی نەبوو، بەڵام ئاڤشار داواکارییەکەی پەسندکرد و یەکەمین ریکلامی بۆ شامپۆی بلینداکس کرد و لە بەرامبەر ئەو ریکلامە 600 ملیۆن لیرەی وەرگرت
1982 بەشداریی لە پێشبڕکێی شاجوانی کرد کە لەلایەن رۆژنامەی بوڵڤار رێکخرا
پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و تاجی خرایە سەر
بەڵام دوای ئەوەی زانرا ئەو پێشتر ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، تاجەکەی لێسەندرایەوە
ئاڤشار بەشداری لە فیلمێک بەناوی (حەرام) کرد و رۆڵی پاڵەوانی پێدرا
لە ماوەیەکی کورتدا بەشداریی لە نزیکەی 70 فیلمدا کرد
بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستی بە خوێندنی میوزیک کرد
1995 یەکەمین ئەلبوومی گۆرانیی بە ناوی 'برینی پەنهان' بڵاوکردەوە
1998 ئەلبوومێکی دیکەی بە ناوی 'ژیان وەهایە' بڵاوکردەوە
ئاڤشار، 17 ساڵ دوای جیابوونەوەی لە (محەممەد تەجیرلی)، لەگەڵ بازرگانێک بە ناوی (کایا چیلینگیرئۆغڵو) ژیانی هاوژینیی پێکهێنا.
کچێکیان هەیە بە ناوی (زەهرا)
2009 ئاڤشار لە چیلینگیرئۆغڵوش جیابووەوە
.png&w=3840&q=75)