رووداو - هەولێر
دەست و پێیەكانی كەلەپچە بوون. بە زەحمەت هەنگاوی دەنا بۆ ئەو ژوورەی تێیدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرا. عەبدولعەزیز چاوەڕێی سزایەكی توند دەكات، چونكە تاوانەكەی بە پلان بووە و بە فێڵێك كۆنە دراوسێیەكی خۆی بردووە بۆ لای ماڵی خەزووری، لەوێش بە دوو گوللە كوشتوویەتی.
رۆژی 11/7/2019 لە گەڕەكی هاوكاریی شاری هەولێر، شوفێرێكی تاكسی بەناوی دیاب محەممەد جەوهەر، تەمەن 44 ساڵَ، لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (عەبدولعەزیز.م) تەمەن 29 ساڵ كوژرا. دوای رووداوەكەش بكوژ یەكسەر خۆی رادەستی پۆلیس كرد.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "سەرلەئێوارەی رۆژی 11ی ئەم مانگە لە رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی هاوكاری ئاگاداركراینەوە. دۆسیەمان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، بكوژ دەڵێت بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە ئەو كەسەی كوشتووە".
تۆمەتبارەكە بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ كراوەتەوە.
عەبدولعەزیز موحسین، 11 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵ (س.ع) كردووە، خاوەنی دوو كوڕ و كچێكە، بەڵام حەوت مانگە هاوژینەكەی جێیهێشتووە.
عەبدولعەزیز هۆكاری كوشتنی كۆنە دراوسێیەكەی بۆ (رووداو) باسكرد و گوتی: "ساڵێك لەمەوبەر ماڵم لە گەڕەكێك بوو، لەو گەڕەكە بارم كرد بۆ شوێنێكی دیكە. چەند رۆژێك دواتر بینیم دراوسێیەكی گەڕەكەكەی پێشوومان هاتووەتە گەڕەكەكە و هەر جارە و بە بیانوویەك لێم نزیك دەبێتەوە".
ئەوەی زیاتر عەبدولعەزیزی بەدگومان كردبوو قسەكانی دیاب بوون، بە تایبەتی ئەو كاتەی هاوژینی عەبدولعەزیز بە تۆراوی چووبووەوە ماڵی باوكی.
عەبدولعەزیز دەڵێت: "كاتێك من و خێزانم كێشەمان دەبوو، زۆر تەدەخولی دەكرد، هانی دەدام تەڵاقی بدەم. دوای زیزبوونی هاوژینەكەم زیاتر لە جاران لێی دەپرسیم بە تەمای چیت؟ بۆ تەڵاقی نادەیت؟ من دوو ژنم هێناوە و لەوانەیە قەدەر وابێت ژنی سێیەمیش بهێنم، تەواو گومانم بۆ دروست بوو كە ئەو كەسە چاوی بڕیوەتە نامووسی من".
كێشەی عەبدولعەزیز و هاوژینەكەی لە دادگا بوو، هاوژینەكەی سووربوو لەسەر جیابوونەوە، ئەوەش عەبدولعەزیزی تووشی بەدگومانیی زیاتر كردبوو كە ئەو دووە پەیوەندییان هەبێ. بۆیە عەبدولعەزیز پەیوەندی بە برای هاوژینەكەیەوە دەكات.
عەبدولعەزیز دەڵێت: "تەلەفۆنم بۆ برای هاوژینەكەم كرد و پێمگوت ئەو پیاوە پەیوەندی لەگەڵ خوشكی تۆ هەیە، ئەویش پێیگوتم تۆ ئەو پیاوە بێنە لای ماڵی ئێمە بیكوژە، منیش خوشكەكەی خۆم دەكوژم".
عەبدولعەزیز پلانی كوشتنی دیاب دادەڕێژێ، تەلەفۆنی بۆ دەكات و پێیدەڵێت وەرە بمبە بۆ ماڵی خەزوورم، دەمەوێ ژنەكەم و منداڵەكانم بهێنمەوە. تەلەفۆنێكیش بۆ هاوژینەكەی دەكات و پێیدەڵێت دەمەوێ منداڵەكان ببینم، كەی گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی باوكت، تەلەفۆنت بۆ دەكەم منداڵەكان بێنە دەرەوە.
عەبدولعەزیز دەڵێت: " بە تاكسییەكەی دیاب چووین بۆ ماڵی خەزوورم، كە گەیشتینە ئەوێ ژنەكەم و كوڕە چوار ساڵانەكەم لەبەر دەرگا وەستابوون، بە دیابم گوت تۆ ناپاكیت لەگەڵ كردووم بۆیە دەتكوژم، میلی تفەنگەكەم هێنایەوە، ئەویش ویستی دەمانچە دەربهێنێ، بۆیە دوو گوللەم لێدا و بەجێمهێشت".
سەعاتێك دوای رووداوەكە عەبدولعەزیز خۆی رادەستی پۆلیس كرد. لەوێ گوتبووی ئەو پیاوەی لەسەر مەسەلەی نامووس كوشتووە، بەڵام پۆلیس باوەڕ بە قسەكانی ناكات، چونكە هیچ بەڵگەیەكی نییە بیسەلمێنێ كە هاوژینەكەی پەیوەندی لەگەڵ دیاب هەبووە.
(س.ع )، تەمەن 36 ساڵ كە هاوژینی عەبدولعەزیزە، هاتبووە بنكەی پۆلیس بۆ ئەوەی ئیفادە لەبارەی رووداوەكە بدات. ئەو گوتی: "عەبدولعەزیز ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەرە، چەندینجار بینیومە كریستاڵ و حەبی خواردووە. بەردەوام لێیدەدام. منداڵەكانی دەچەوساندەوە، چەندینجار ناپاكی لێكردووم. كاتێك پارەی پێنەدەما بۆ كڕینی ئەو حەبە پیسە لە منی دەدا، بۆیە داوام كرد لێی جیاببمەوە".
(س) رەتیكردەوە پەیوەندی لەگەڵ دیاب هەبووبێ و گوتی: "ئەسڵەن هەر نایناسم، هەر ئەوەندەم بینی كە هێنایە بەر دەرگای ماڵی باوكم و بە بەرچاوی من و كوڕەكەمەوە كوشتی، من یەكسەر لە هۆش خۆم چووم". هەروەها رەتیكردەوە براكەی پلانی كوشتنی ئەوی هەبووبێ و گوتی: "ئەوە بوختانە بە براكەمی كردووە".
دیاب خاوەنی شەش منداڵە، خەمی گەورەی باوكی ئەوەیە چۆن ئەو شەش منداڵە بەخێو بكات.
محەمەد جەوهەر كە باوكی دیابە، بە (رووداو)ی گوت: "كوڕەكەم هیچ تاوانێكی نەبوو، پەنا بۆ خودا و یاسا دەبەم بۆئەوەی مافی كوڕەكەم وەربگرمەوە".



