رووداو - هەولێر
دوو شاخەوانی کورد خۆیان گەیاندە سەر لووتکەی (لینین یان ئیبن سینا) لەنێوان تاجیکستان و قیرخیزستان و ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد.
هاوژین محەممەد و ئاری عوسمان کە دوو شاخەوانی کوردن و دانیشتووی سلێمانی و هەولێرن، ئاڵای کوردستانیان لەسەر لووتکەی لینین هەڵکرد کە 7،134 مەتر بەرزە.
ئاری عوسمان بە رووداوی راگەیاند "یەکەمجارە ئاڵای کوردستان لەسەر بەرزترین بەرزایی کە کوردی باشووری کوردستان پێیگەیشتبێت لە چیای لینین هەڵبکرێت. رێگەی سەرکەوتن ئێجگار مەترسیداربوو لەبەر رەنووی بەفر و کەمی ئۆکسجین".


بەگوتەی ئاری عوسمان، لە شەودا هەندێکجار پلەی گەرمی بۆ خوار 26 پلەی سیلیزی دابەزیوە، بەڵام لە رۆژدا گەرمایەکی بێزارکەری هەبووە.
ئەو لووتکەیە ساڵی 1871 دۆزراوەتەوە و ناونراوە چیای کاوفمان. لە 1982 ناوەکەی گۆڕاوە بۆ لووتکەی لینین، ئەوەش لەبەر یەکەم سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەت، ڤلادیمیر لینین.
لە 2006 دووبارە تاجیکستان ناوی لووتکەی گۆڕی و کرا بە ئیبن سینا، کە بیرمەند و فەیلەسووفێکی ناسراوە و بە باوکی پزیشکی نوێش ناودەبرێت. بەڵام لە قیرخیزستان هێشتا لووتکەکە بە فەرمی ناوی لینینە. لەگەڵ ئەوەشدا لە 2017 سەرۆکی قیرخیزستان داوایکرد ناوی لووتکەکە بگۆڕدرێت بۆ "ماناس"، کە قارەمانێکی مێژووی ئەو وڵاتەیە.
ئاری عوسمان دەڵێت، چونکە لەڕووی تاجیکستانەوە هیچ کەس ناتوانێ سەرکەوێتە سەر لووتکەکە، بۆیە زیاتر بە لینین ناودەبرێ و کەمتر بە ئیبن سینا ناسراوە.







