ره‌مه‌زان سه‌عات حه‌وت و نیوى ئێواره ده‌چێته ژوورى نووستن و دهمانچهكهشى له‌گه‌ڵ خۆى ده‌بات. زۆر نابات ده‌نگى گولـله‌یه‌ك دێت، كاتێك كه‌سوكارى ده‌چنه ژووره‌وه، ده‌بینن گولـلهیهكى له سكى خۆى داوه. هاوڕێكانى ره‌مه‌زان هۆكارى خۆكوشتنه‌كه‌ى بۆ ئه‌و قه‌رزه زۆره ده‌گێڕنه‌وه كه له‌سه‌رى كه‌ڵه‌كه بووبوون، به‌ڵام برازاكه‌ى ده‌ڵێت: "مامم نه‌خۆشیى ده‌روونى هه‌بووه، بۆیه خۆى كوشت".
رۆژى 15/7/2019 گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 32 ساڵ، به‌ناوى ره‌مه‌زان محه‌ممه‌د له نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له گه‌ڕه‌كى قه‌ڵاى نوێى شارى هه‌ولێر به گولـلهیهكى ده‌مانچه كۆتایى به ژیانى خۆى هێنا. ره‌مه‌زان نۆ ساڵ بوو هاوسه‌رگیرى كردبوو، باوكى كچێك و كوڕێك بوو.
ئه‌و گه‌نجه ماوه‌ى 14 ساڵ بوو پۆلیسى به‌شى رێككارى بوو له قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر. هاوڕێكانى له ده‌وام كه ئاگادارى زۆر لایه‌نى ژیانى ئه‌و بوون، به گه‌نجێكى رووخۆش و قسه‌خۆش وه‌سفى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن تاكه كێشه‌ى ره‌مه‌زان ته‌نیا قه‌رزدارى بوو، مه‌زه‌نده‌ش ده‌كه‌ن هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه خۆى كوشتبێ.
عیسام مه‌حموود كه پۆلیسی رێككارییه و هاوڕێی چوارده ساڵه‌ی ره‌مه‌زانه، به (رووداو)ی گوت: "ره‌مه‌زان یه‌كێك بوو له گه‌نجه رۆحسووك و بهڕهوشتهكان، هیچ كه‌س نییه له‌لاى ئێمه بیرى قسه خۆشه‌كانى نه‌كات، بۆیه هه‌واڵى مه‌رگى، هه‌موومانى تاساند".
عیسام باسى هۆكارى خۆكوشتنى هاوڕێكه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "ره‌مه‌زان كرێچى بوو، قه‌رزێكى زۆرى له‌سه‌ر بوو، رۆژ نه‌بوو خاوه‌ن قه‌رزه‌كان په‌یوه‌ندى پێوهنهكهن و داواى قه‌رزه‌كانیان نه‌كه‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خاوه‌ن قه‌رزه‌كان چه‌ند جارێك ژماره مۆبایله‌كه‌ى گۆڕى. ئێمه (پۆلیسه‌كان) چه‌ند جارێك له نێو خۆماندا پاره‌مان بۆ كۆكرده‌وه، به‌ڵام پاره‌كه به‌شى دانه‌وه‌ى هه‌موو قه‌رزه‌كانى نه‌ده‌كرد. ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادار بم پێنج هه‌زار دۆلارى پۆلیسێكى خۆمان قه‌رزدار بوو".
عیسام ده‌ڵێت هه‌ر كه كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌هات، خاوه‌ن قه‌رزه‌كان ته‌له‌فۆنیان بۆ ره‌مه‌زان ده‌كرد، ئه‌و رۆژهشى خۆى كوشت بۆ به‌یانى مووچه‌ى پۆلیس دابه‌ش ده‌كرا. عیسام پێیوایه ئه‌و رۆژه ته‌له‌فۆنێكى زۆر بۆ ره‌مه‌زان كراوه و ره‌نگه به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ى نه‌گرتبێ، بۆیه خۆى كوشتووه.
عیسام ده‌ڵێت ره‌مه‌زان رۆژێك پێش ئه‌وه‌ى خۆى بكوژێ له‌لاى ئه‌و بووه و پێكه‌وه یاریى ئه‌لیكترۆنییان كردووه. ره‌مه‌زان باسى هیچ كێشه‌یه‌كى له‌لاى ئه‌و نه‌كردووه.
هاوڕێیه‌كى دیكه‌ى ره‌مه‌زانیش كه ئه‌ویش پۆلیسى رێككارییه، ئه‌وه ته‌ئكید ده‌كاته‌وه كه ره‌مه‌زان پاره‌یه‌كى زۆر قه‌رزدار بووه، پێده‌چێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خۆى كوشتبێ. محه‌ممه‌د پێیوایه هاوڕێكه‌ى رێگه‌یه‌كى هه‌ڵه‌ى هه‌ڵبژاردووه و ده‌ڵێت: "كه‌م كه‌س هه‌یه له كوردستان له‌و رۆژگاره قه‌رزدار نه‌بێ، به تایبه‌تى پۆلیس بیت و كرێچى بیت، بێگومان ده‌بێ قه‌رزداریش بى".
ئه‌و نموونه به خۆى دێنێته‌وه و ده‌ڵێت: "من مانگى ره‌مه‌زان یه‌ك ملیۆن دینارم قه‌رز كرد بۆ خواردن، ئێستا مانگانه به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى پاشه‌كه‌وتى ده‌كه‌م قه‌رزه‌كانم ده‌ده‌مه‌وه. خۆزگه ره‌مه‌زان ئه‌و رێگه‌یه‌ى هه‌ڵنه‌ده‌بژارد، چونكه هیچ كێشه‌یه‌ك نییه چاره‌سه‌رى نه‌بێ، به تایبه‌تیش كێشه‌ى قه‌رز و پاره".
به‌ڵام كه‌سوكارى ره‌مه‌زان به پێچه‌وانه‌ى هاوڕێكانى ده‌ڵێن ره‌مه‌زان قه‌رزدار نه‌بووه، به‌ڵكو نه‌خۆش بووه، بۆیه خۆى كوشتووه. ئیبراهیم ره‌سوڵ كه برازای ره‌مه‌زانه، به (رووداو)ی گوت :"مامم هیچ پاره‌یه‌ك قه‌رزدار نه‌بووه، به‌ڵكو نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌بوو، ماوه‌یه‌ك بوو گۆشه‌گیر بووبوو". كه‌چى ئامۆزایه‌كی ره‌مه‌زان ده‌ڵێت: "راسته قه‌رزدار بوو، به‌ڵام كه‌مێك نه‌خۆشیى ده‌روونیشی هه‌بوو".
رووداو په‌یوه‌ندى به هاوژینى ره‌مه‌زانه‌وه كرد كه له هه‌موو كه‌س زیاتر ئاگادارى ژیانى مێرده‌كه‌ی بووه، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ى رێگه‌یان نه‌دا قسه بكات.
هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به خۆكوشتنى ئه‌و پۆلیسه به (رووداو)ـى گوت "سه‌عات حه‌وت و نیوی سه‌رله‌ئێواره‌ی رۆژى 15ى تهمووز له رووداوێكى خۆكوشتن ئاگادار كراینه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى پۆلیس گه‌یشتنه شوێنى رووداوه‌كه، ده‌ركه‌وت كارمه‌ندێكى پۆلیسى رێككارییه و له نێو ماڵه‌كه‌یدا له گه‌ڕه‌كى قه‌ڵاتى نوێ به گولـلهیهكى ده‌مانچه خۆى كوشتووه".



