رووداو - هەولێر
نزیكەی 11 ساڵە لەنێو گۆڕستان و پاركەكانی هەولێر دەژی، 17 جار دەستگیركراوە و ئێستاش بە كۆرپەلەیەكی ناو سكیەوە كە نازانێ كێ باوكێتی، لە زیندانە.
شاجوان، 27 ساڵان. تەمەنی دوو ساڵ بووە كە دایكی بەسەر لەدایكبوونی فرمێسكی خوشكییەوە مردووە. كاتێك شاجوان بوو بە پێنج ساڵ، باوكی ژنێكی دیكەی هێنا. شاجوان و خوشكەكەشی بران بۆ خانەی بێسەرپەرشتان.
شاجوان چیرۆكێكی پڕ مەینەتیی هەیە، ئەو بە (رووداو)ی گوت: "لەبیرمە دوو مانگی سەرەتا لەو خانەیە شەو تا بەیانی دەگریام و خوشكەكەم لەئامێز دەگرت. دواتر راهاتین و كارمەندەكان ببوون بە كەسوكارمان".
دوای 7 ساڵ شاجوان و خوشكەكەی دەگەڕێنەوە ماڵی باوكیان، بەڵام ئەوە بەهۆی سۆز و بەزەیی باوك و باوەژنەكەی نەبوو: "بەڵكو بۆ خزمەتكردنی چوار منداڵەكەی باوەژنەكەم بوو".
شاجوان دەڵێت باوكی نەخۆش بووە و لە پەلوپۆ كەوتبوو، بۆیە باوەژنەكەی قسە رۆیشتووی ماڵەكە بووە. ئەو دەڵێت تەمەنی 12 ساڵان بوو كاتێك باوەژنەكەی بە ئەڵقەیەك بە خزمێكی خۆی بەخشی كە كەڕولاڵ بووە. خوشكەكەشی لە ماڵ دەركرد، لەو رۆژەوە نازانێ خوشكەكەی لە كوێیە.
شاجوان گوتی: "پیاوەكە 30 ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو. ئاهەنگیان بۆ نەكردم و جلی بووكێنیشیان لەبەر نەكردم. بێجگە لە دەستێك جل كە پیاوەكە بۆی كردبووم هیچ شتێكم پێنەبوو، بردیانم بۆ ماڵێكی قەرەباڵخ".
شاجوان بە گریانێكی بەكوڵەوە باس لە شەوی بووكێنی خۆی دەكات: "ئەو شەوەم هەرگیز لەبیرناچێت. هێشتا نەكەوتبوومە سووڕی مانگانە، پیاوێكی قەڵەو وەك دێوێك بەربووە گیانم، ئەوەندەی لێدام خوێن لە لوت و دەمم هات. دوای دوو مانگ ئینجا سووڕی مانگانەم بینی".
شاجوان كچێكی لەو پیاوە بوو، زۆری نەبرد دووگیان بووەوە، وەك خۆی دەڵێ زۆر ماندوو و كەنەفت بووە، بۆیە بەردەوام بەدوای هەلێكدا دەگەڕا لەو ژیانە دەربازی ببێ. بەوجۆرەش لەگەڵ كوڕێك دەكەوێتە پەیوەندی.
"گەنجێك بوو، پێمگوت دەمەوێ ببی بە هاوڕێم، بەڵام دوای سێ رۆژ دشەكەم پێی زانی، ئەوان لە بیانوویەك دەگەڕان تەڵاقم بدەن، چاوەڕێیان كرد تا منداڵی دووەمم بوو. هەر لە نەخۆشخانە منداڵەكەیان برد و منیان بەجێهێشت".
شاجوان گەڕایەوە لای باوكی "باوكم لەسەر جێگا بوو، باوەژنم پێیگوتم منداڵی خۆمان پێ بەخێوناكرێ جا نۆرەی تۆیە، بینیم باوكم فرمێسكی رشت، وەك بڵێی پەشیمانە. باوەشم پێداكرد و گوتم خەمت نەبێت، خوشكەكەم دەدۆزمەوە و كاردەكەین و بەخێوت دەكەین".
شاجوان لە ماڵ دێتە دەرەوە و لە چێشتخانەیەك مانگانە بە 300 هەزار دینار دەبێتە قاپشۆر، بەڵام دەڵێت پارەكەی بەشی نەدەكرد، بۆیە وازی لەو كارە هێناوە و رووی لە سواڵ كردووە.
شاجوان دەڵێ: "شەوانە لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان دەمامەوە. دواتر تووشی لەشفرۆشی بووم. رۆژ تا ئێوارە سواڵم دەكرد، شەوانیش لەشفرۆشی".
شاجوان 11 ساڵ لەسەر شەقامەكان بووە و شەوانیش لە پارك و گۆڕستانەكان دەمایەوە و دەڵێت چەند كەسێك بەناوی هاوسەرگیرییەوە هەڵیانخەڵەتاندووە.
شاجوان ئێستا لە چاكسازیی ژنانی هەولێرە و بە تۆمەتی شكاندنی جامی ئۆتۆمبێلێك گیراوە. ئەو دەڵێ: "17 جار گیراوم. زۆربەی جارەكان بەهۆی ئەوەی لە پاركەكان دەخەوتم و دادوەر بۆ ئەوەی پارێزراو بم دەیناردم بۆ شەڵتەر، بەڵام شەڵتەریش وەكو زیندانە، بۆیە لەوێش خۆم نەدەگرت. كۆتاجار لە پاركێكی بەرامبەر ماڵی كەسێكی ناسراو خەوتبووم، ئەو بەردی تێگرتم، منیش بەردم لە ئۆتۆمبێلەكەی گرت و جامەكەی شكا، بۆیە دەستگیركرام".
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی دەستگیركردنی شاجوان بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەو ژنە شەوی 18/7/2019 جامی ئۆتۆمبێلی پیاوێكی شكاندووە. دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت پیاوەكە ناسراوە و داوای لێكردووە لەوێ بڕوات، بەڵام ئەو نەڕۆیشتووە، هێرشی كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەكەی و جامەكەی شكاندووە". رائید هۆگر پێیوایە ئەو ژنە قوربانییە.
ئێستا شاجوان بە كوڕێك دووگیانە، دەڵێ: "من دەمویست پیاوێك بمكات بە هاوسەری خۆی، بەڵام ئەوان تەنیا جەستەی منیان دەویست. ئێستا نازانم كێ باوكی منداڵەكەمە". تاكە داواكاری شاجوان ژوورێكە لەگەڵ كارێك، بۆ ئەوەی بە یەكجاری لە لەشفرۆشی دووربكەوێتەوە.



