رووداو - هەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستیت چەند بڕیارێکى نوێ دەردەکات، یەکێک لەوانەش ئەوەیە کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا کە مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، رێگەیان پێدەدرێت دەست بە کۆرسى ئەکادیمى بکەن و لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسى زمان.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بە سەرپەرشتی ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان بەڕێوەچووە.
لەبارەی پلانی وەرگرتنی قوتابیانى قۆناخى 12 ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاوەکو پەسندبکرێت.
بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزارەت:
- کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشوو، کە لە رێنماییەکاندا هاتووە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و، دواتررێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى 2019 - 2020 دەردەچێت.
- سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى رێکەوتى 25-8-2019 پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم.
- سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.
- لە داهاتوودا ستراتیژیەتى وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنى سەرجەم سێنتەرەکانى زمان.
- لەم خاڵانەى سەرەوەدا رەچاوى ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنى کواڵێتى زمانى ئینگلیزى.
- سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێنابەخشرێت، تاوەکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.
- لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.
- سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناخى 12 ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسندبکرێت.
- بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى - دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.
- لەسەر داواى خۆیان و لە چوارچێوەى یاسا و رێنماییەکان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.
- لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان را و پێشنیازى خۆیان لەبارەى خاڵەکانى ترى کۆبوونەوەکە خستەڕوو کە پەیوەست بوون بە پرس و بابەتەکانى وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی.



