رووداو-ئاژانسەكان
دوای تەمەنی 50 ساڵی خاڵی قاوەیی جەرگیی لەسەر پێستی هەندێك كەس دەردەكەون. ئەگەر تێبینی بكەیت خاڵەكان بەزۆری لەو شوێنانەدا دەردەكەون كە هەتاو لێیاندەدات. ئەو كەسانەی ماوەیەكی زۆر لەبەر هەتاو دەمێننەوە، پێدەچێ لە تەمەنێكی گەنجترەوە ئەو خاڵانەیان تێدا دەربكەوێت.
هۆیەكانی:
پرۆسەی چونە تەمەن دەركەوتنی ئەو خاڵانە زیاتردەكات، تیشكی سەرو وەنەوشەیی كە لە هەتاودا هەیە هۆیەكی سەرەكی دروستبونی خاڵەكانە بۆیە لەگەڵ چونە تەمەندا خاڵەكان لەو شوێنانەدا زیاتر دەردەكەون كە تیشكی هەتاو لێیان دەدات(پشتی دەست، قۆَڵ، قاچ، نێوچەوان). جگە لەم دو هۆیە سەرەكییە، دەكرێ هۆی دیكەی نەزانراویش لەو كەسەدا هەبن.
ئەوانەی رەنگی پێستیان كاڵە زۆرتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن
نیشانەكانی:
خاڵی تەختی ڕەنگ قاوەیی بێ ئازار و خورانن.
دەستنیشانكردن:
دیتن بە چاو و پرسیاركردن لە تەمەنت بەسە بۆ ئەوەی پزیشك حاڵەتەكەت دەستنیشان بكات. لە حاڵەتی هەبوونی گوماندا، پزیشك نموونەیەك لە خاڵەكە وەردەگرێت و پشكنینی وردبینیی بۆ دەكات.
خۆپاراستن:
لە تەمەنی گەنجیدا و بەر لەوەی خاڵەكان دەربكەون، جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە ئەگەری دەركەوتن و ژمارەی خاڵەكان كەمدەكاتەوە:
1-بەكارهێنانی كرێمی دژەخۆر بە شێوەیەكی زانستی لە هەمو وەرزەكاندا و بەتایبەت لە كاتژمێر 10 ی پێشنیوەڕۆ تاوەكوو 4ی پاشنیوەڕۆ.
2-جلی قۆڵدرێژ و پانتۆڵ و تەنورەی درێژ بەكاربهێنە
3-لەبەر هەتاودا سەرت بەجۆرێك دابپۆشە كە هەتاو بەر نێوچەوان و ملت نەكەوێ، بۆ نموونە بە بەكارهێنانی شەپقە.
چ كاتێك سەردانی پزیشك بكەم؟
ئەگەر خاڵەكان ئەم جیاكەرەوانەیان هەبوو، راوێژ بە پزیشك بكە:
1-رەنگیان زۆر تۆخ بوو
2-قەبارەی خاڵەكان بە خێرایی زیادی دەكرد
3-لێواری خاڵەكان رێك نەبوون
4-ئەگەر خوران و سوربوونەوە و خوێنلێهاتنی لەگەڵبوو.
چارەسەر:
لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە چارەسەر ناكات. بەڵام ئەگەر كەسی توشبو زۆر بە تەنگ جوان مانەوەی پێستییەوە بوو، بەڕێگەی لەیزەر چارەسەر دەكرێت. هەندێ كرێمی كاڵكردنەوەی خاڵەكانیش هەن و دەكرێ ئەو كەسەی لەیزەری لێنادات و دەشیەوێ خاڵەكانی كەمتر دەربكەوون ئەو كرێمانە بەكاربهێنێت.
چارەنوسی حاڵەتەكە:
هیچ ئاڵۆزكارییەكی تەندروستی نانێنەوە. بەڵام لەڕوی جوانكارییەوە كاریگەری نەرێنییان هەیە بەوەی خاڵەكان هەتا هەتایین و جوانیی پێست كەم دەكەنەوە بۆیە لە هەندێ كەساندا ئاڵۆزكاریی دەروونیی دروستدەكەن بەتایبەت لە ئافرەتاندا.



