رووداو دیجیتاڵ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دەستکرا بە قۆناخی قیرتاوکردنی بەشێکی شەقامی 60 مەتری کە هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە. شارەوانیی هەولێریش ئاگاداری شوفێران دەکاتەوە، بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە بەشێکی شەقامی 120 مەتری دادەخرێت. رۆژی پێنجشەممە، 04ـی حوزیرانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستکرا بە قۆناخی قیرتاوکردنی بەشێکی شەقامی 60 مەتری، ئەم شەقامە بە یەکێک لە باشترین شەقامەکان دادەنرێت و لە داهاتوودا کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لەسەر رێگەکانی شەقڵاوە و بەحرکە. بەپێی راگەیێندراوەکە، پڕۆژەکە ئێستا لە دوو شوێن کاری تێدا دەکرێت؛ قۆناخی یەکەم لە شەقامی 120 مەترییەوە تاوەکو 150 مەتری، کە دواتر بە شەقامی بەرامبەر گەڕەکی پێشمەرگەی بەحرکە دەبەسترێتەوە. هاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان و شۆفێران کرد. کە بەهۆی دەستکردن بە پڕۆسەی چاککردنەوەی شەقامی 120 مەتری، بڕیارە لە ئەمڕۆوە ئەم رێگایانەی خوارەوە بۆ هاتووچۆ بەکارنەهێنرێن: 1- سایدی رێگەی پیرمام؛ بەدیاریکراوی لە سووڕانەوەکە بەرەو شاری ئیتاڵی (2) لەسەر شەقامی 120 مەتری. 2- شەقامی 120 مەتری؛ لەنێوان بەرزەپردی بەحرکە بەرەو بەرزەپردی پیرمام (بەدیاریکراوی لە بەردەم گوندی ئارام تاوەکو بەرزەپردی پیرمام). شارەوانیی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵخی، رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن تاوەکو کارەکانی چاککردنەوەی شەقامەکە بە خێرایی بەڕێوەبچن.
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی: کێشەی کارەبا کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەبێت
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە؛ کەی هەموویان دەگەڕێنەوە؟