رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کوێستان لەسەر شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر، بەهۆی دەنگەدەنگ، قەرەباڵخی و نەبوونی چاودێری لە پارکێکی گەڕەکەکەیان بێزارن و دەڵێن، پارکەکە ژیانی لێ تاڵ کردوون. قایمقامی هەولێریش داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بە فەرمی سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی کێشەکەیان چارەسەر بکەن.
سەفین گەردی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی کوێستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پارکەکە بووەتە هۆی بێزارکردنی تەواوی خەڵکی گەڕەکەکە؛ بە جۆرێک لە کۆتایی هەفتەدا قەرەباڵخییەکی زۆر، زەماوەند، نێرگەلەکێشان و دەنگەدەنگی فرۆشیارانی گەڕۆک تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام دەبێت.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەو دەنگەدەنگە زۆرەوە قوتابییانی پۆلی 12 ناتوانن لە ماڵەوە بخوێنن و بەشێک لە هاونیشتمانیانیش ناچار بوون خانووەکانیان بفرۆشن. هەروەها دەڵێت: "پارکەکە گەراجی نییە و ئۆتۆمبێلی سەردانکەران بەردەم دەرگای ماڵەکانمان دەگرن و کێشەمان بۆ دروست دەکەن."
بەگوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، ماوەی دوو ساڵە ئەم کێشەیەیان هەیە و زیاتر لە 200 واژۆیان بۆ چارەسەرکردنی کۆکردووەتەوە؛ چەندین جار پەیوەندییان بە پارێزگاری هەولێرەوە کردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پارکەکانی هەولێر بە هاونیشتمانیانی گوتووە "ئەم پارکە سەر بە ئێمە نییە."
لەسەر ئەم گرفتە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکەین سەردانمان بکەن و داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بکەن، ئێمەش بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان بەدواداچوونی ورد دەکەین و رێکاری پێویست بۆ بنبڕکردنی ئەو بێزارییە دەگرینەبەر."



