رووداو دیجیتاڵ
دوای نۆ ساڵ لە وەستانی چالاکییەکانی یانەی وەرزشی کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی یانەکە و دانانی دەستەیەکی کارگێڕی بە شێوەیەکی کاتی بۆ یانەکە.
یانەی کەرکووک کە پێشتر خاوەنی دەیان نازناوی نێوخۆیی بوو، نۆ ساڵە چالاکییەکانی بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە وەستاون و یاریگاکەشی دراوەتە یانەی غازی باکوور.
بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، دەستەیەکی کاتیی کارگێڕی بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ دادەمەزرێت. پۆستی سەرۆکی یانەکە بە پارتی و جێگرەکەی بە یەکێتی دەدرێت، دوو ئەندامی دەستەکەش بۆ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان دەبن.
نەوزاد چاوشین، بەرپرسی بۆردی وەرزش لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوی یەکەممان یەکگرتنەوەکەیە کە دروستکردنی دەستەیەکی کارگێڕی کاتییە. هەنگاوی دووەم دۆزینەوەی یاریگەیە و هەنگاوی سێیەمیش ئەو داواکارییانەیە کە ئاراستەی پارتی و یەکێتیمان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی وەرزشی ئەم شارە، چونکە خەڵکی کەرکووک باجی کوردبوون دەدات."
لە بەرامبەر کاراکردنەوەی یانەی وەرزشیی کەرکووک، پۆستی سەرۆکی لقی کەرکووکی لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بە یەکێتی دەدرێت و پۆستەکانی دیکەش بەسەر پارتی، عەرەب و تورکماندا دابەش دەکرێن.
رەزا فایەق، بەرپرسی بۆردی وەرزشی یەکێتی، بە رووداوی گوت: "گرنگە یانەی کەرکووک لەگەڵ برادەرانی پارتی دروست بکەینەوە بۆ ئەوەی لە خولەکانی عێراق بێبەش نەبین. سەبارەت بە لێژنەی ئۆڵۆمپیش، قسەمان لەگەڵ پارتی کردووە و بە هەموو شێوەیەک رازین کە پێکەوە هاوبەشیی ئیدارەی بکەین، هەروەک لە رابردوودا کردوومانە."
لەلایەکی دیکەوە، یاریگەی ئۆڵۆمپیی کەرکووک کە لەسەر بودجەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقە، ماوەی 16 ساڵە کاری تێدا دەکرێت و هێشتا تەواو نەکراوە. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی، دوای کاراکردنەوەی یانەی وەرزشیی کەرکووک، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکردنی یاریگەکە لە ئەستۆ دەگرێت


