رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی تۆڕێکی ساختەکاری و بە ناوی دابینکردنی ڤیزەی وڵاتانی ئەورووپاوە پارەیەکی زۆریان براوە.
رووناک هاشم، یەکێک لە هاونیشتمانییە قوربانییەکانە و دایکی سێ منداڵە کە دووانیان نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە. ئەو هاونیشتمانییە بە هیوای چارەسەرکردنی منداڵەکانی لە سوێد، ئەو شوقەیەی کە خێرخوازان بۆیان کڕیبوو بە 29 هەزار دۆلار فرۆشت. رووناک لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیجێکم بینی کە بەڵێنی رێگەی گەرەنتی و فەرمی دەدا. منیش 25 هەزار و 500 دۆلارم دایە کەسێک لە دهۆک کە بەڵێنی پێداین مۆڵەتی مانەوەی دوو ساڵەی سوێدمان بۆ وەربگرێ."
ئەو کەسەی پارەکەی لە رووناک وەرگرتووە، خۆی وەک رۆژنامەڤان ناساندووە و سوێندی خواردووە کە بە گەرەنتی دەیانگەیێنێتە سوێد. رووناک دەڵێ، "وێنەی تیکتی فڕۆکەی بۆ دەناردم، نازانم چۆن باوەڕم پێکرد. دوای وەرگرتنی پارەکە، ئەو کەسە پێی گوتم، "نزا بۆ خۆت بکە، پارەکەت رۆیشت." ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای دەرچوونی فەرمانی گرتن، تۆمەتبارەکە هێشتا دەستگیر نەکراوە."
چیرۆکی عەبدوڵڵا مەحموود، سەرتاشێک لە هەولێر، جیاواز نییە. ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی کەسێکەوە بەناوی تاریق کە خەڵکی سامەڕایە، بڕی 11 هەزار دۆلاری لەدەستداوە بە ئامانجی وەرگرتنی ڤیزەی رۆمانیا. عەبدوڵڵا لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "نەمدەزانی چاوپێکەوتن لە کۆنسووڵخانە بەخۆڕاییە. 9 هەزار دۆلاری تەنیا بۆ چاوپێکەوتن لێ وەرگرتم."
ئەو هاونیشتمانییە ئێستا لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدایە، ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە و ناچار بووە هاوژین و پێنج منداڵەکەی بنێرێتەوە قامشلۆ.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا پێنج سکاڵا لەسەر تۆمەتبارە سەرەکییەکە (هـ.م) لە دهۆک تۆمار کراون.
سەمیان شێرزاد، پارێزەری سێ کەس لە سکاڵاکاران، لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە و فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە. دۆسیەکە بەپێی مادەی 456ـی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە فێڵکردن، کاری لەسەر دەکرێ."
رەڤەند تەحلاڤی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار، لە (بەرپرسیار) دا و گوتی، "هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت گەرەنتیی وەرگرتنی ڤیزەی ئەورووپا بدات. ئەوانەی بەڵێنی لەو شێوەیە دەدەن، زۆربەی کات ساختەکارن."
تەحلاڤی داوای لە هاونیشتمانییان کرد کە بۆ کاروباری ڤیزە تەنیا پشت بەو کۆمپانیایانە ببەستن کە باوەڕپێکراون و بەفەرمی لای حکومەت تۆمار کراون.


