رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان لە کڕینی جۆرێکی "پێپسی" کە ئاڵای عێراقی لەسەرە و دەڵێ، بەهۆی ئەوەی ناوی پیرۆزی خودای لەسەر نووسراوە و دوای خواردنەوە فڕێدەدرێ، "بێ رێزییەکی گەورەیە و حەرامە."
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکە جۆرە پێپسییەک لە بازاڕەکانی کوردستان هەیە کە ئاڵای عێراقی لەسەرە و ناوی (الله أکبر)ی لەسەرە."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت، "ناوی خودا پیرۆزە و پاراستنی واجبە، دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە بۆ کاڵا و شتومەکی بازرگانی بەکاربهێندرێ، بەتایبەت لە قوتووی پێپسی کە دوای خواردنەوە فڕێدەدرێ و دەکەوێتە نێو زبڵ و شوێنی پیس، ئەمەش بێ رێزییەکی گەورەیە."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئیسلامدا یاسایەک هەیە دەڵێ، "هەر کارێک سەربکێشێت بۆ کارێکی حەرام، ئەوە خۆی حەرام دەبێت؛" لەو سۆنگەیەوە داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە ئەو جۆرە پێپسیە نەکڕن.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هەرچی زووە چارەسەری ئەم بابەتە بکەن و رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە کاڵایانە بگرن کە "سوکایەتی و بێ رێزی" بەرامبەر پیرۆزییەکان تێدایە.
هۆکاری هەبوونی ئەم جۆرە "پێپسی"یە بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی مۆندیال دەگەڕێتەوە، کە کۆمپانیاکان وەک هاندانێک بۆ یانەکە ئاڵای عێراقی لەسەر قوتووەکانی چاپ کردووە.




