رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزین چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. بەرپرسان دەڵێن، "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامن."
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەنزینی نۆرماڵ بە 1150 دینار، موحەسەن 1350 دینار و سوپەر بە 1450 دینارە."
بەڕێوەبەرەکەی نەوتی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەوتی خاو کەم دەگاتە پاڵاوگە بازرگانییەکان، بەڵام باسی لەوەش کرد، "کێشە لە بەنزینی حکومەت نییە و دابەشکردنی بەردەوامە."
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەولێرەوە هەیە، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەنزینی نۆرماڵ بە 1100 دینار، موحەسەن بە 1250 دینار و سوپەر بە 1350 دینارە." ئەویش هاوشێوەی دهۆک، هۆکاری گرانبوونەکەی بۆ "نەبوونی نەوتی خاو" گەڕاندەوە.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان، ئێمە زەرەر لە خۆمان دەدەین و نۆرماڵ بە 1000 دینار، موحەسەن 1200 دینار و سوپەر بە 1350 دینار دابەش دەکەین."
بەهمەن شێخ قادر هۆکاری کێشەکە بۆ وەستانی بەرهەمی پاڵاوگەکانی هەولێر دەگەڕێنێتەوە بەهۆی نەبوونی نەوتی خاوەوە.




