رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەرمی کەسێک لەنێو ئاودا دۆزرایەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ناوچەکە دەڵێ، تەرمەکە کۆن بووە و ناسنامەشی پێ نییە.
موقەدەم، جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی روودایو گوت: "تەرمەکە ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی باتێلێ دۆزراوەتەوە و رادەستی دادپزیشکیی کراوە".
سەبارەت بە ناسنامەی تەرمەکە، جەمال هەسن گوتی: "ئەو کەسەی خنکاوە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، تەمەنی نزیک 35 ساڵە، پێدەچێ تەرمەکە کۆنیش بێ، چونکە جەستەی شێواوە".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی زاخۆ گوتی، بۆ لێکۆڵینەوە دۆسیەکەیان رەوانەی پۆلیسی ناوچەکە کردووە.
لە 9ـی ئەم مانگەوە شەش کەس لە ئاودا خنکاون، دوایینیان گەنجێکە دوێنێ لە قەزای کەلار خنکا و تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ تاوەکو دوێنێ 17ـی حوزەیران، 29 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.



.jpg&w=3840&q=75)