رووداو دیجیتاڵ
لە سەیرانگەی شاخەسوور لە سنووری قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانی، گەنجێکی دانیشتووی خەڵکی سلێمانی لەکاتی مەلەکردندا خنکا.
ئەمڕۆ هەینی 19-06-2026 قایمقامیەتی قەزای شارباژێر بڵاویکردەوە، دوو گەنج بە مەبەستی گەشت و مەلەکردن چوونەتە سەیرانگەی شاخەسوور، بەڵام یەکێکیان کە ناوی (ئیسماعیل)ە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لەکاتی مەلەکردن لە ئاوەکەدا خنکاوە.
قایمقامیەتی شارباژێر ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی چوارتا و سیتەک بە سەرپەرشتیی قایمقامی قەزای شارباژێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، "دوای گەڕانێکی چڕ کە چەند کاژێرێکی خایاند، تیمەکان توانییان تەرمەکە بدۆزنەوە."
تەرمی گەنجەکە رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاریی پزیشکی و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.




