رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی کەلار راگەیاند، دوو رۆژ پێش ئێستا هاونیشتمانییەکی بەتەمەن لە قەزای کەلار لە کاتی نوێژ کردن لەنێو مزگەوت کۆچی دوایی کرد.
رۆژی شەممە، 20ـی حوزیرانی 2026، عارف عادل، قایمقامی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پیاوێکی بەتەمەن بە ناوی عەلی حاجی غائیب، کە دانیشتووی قەزای کەلارە، بۆ نوێژی عەسر چووەتە مزگەوتی محەممەد مستەفا و لەوێ گیانی سپاردووە."
بەگوتەی قایمقامی کەلار، کۆچی دوایی ئەو پیاوە لە کاتی نوێژدا بووە و مردنەکەی سرووشتی بووە.
بەرزان عوسمان، زاوای عەلی حاجی غائیبە بە رووداوی گوت:"هەموو رۆژێک پێش هەموو نوێژێک 10 خولەک زووتر دەرۆشت بۆ مزگەوت و هەموو نوێژەکانی لە مزگەوت بوون، هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبوو، رۆژانە چالاکیی زۆر باشی هەبوو".
بە گوتەی بەرزان، دکتۆرەکانی فریاکەوتنی کەلار گوتوویانە هۆکاری مردنەکەی وەستانی دڵ بووە.

.png&w=3840&q=75)

