رووداو دیجیتاڵ
لە بەشێکی مارکێت و فرۆشگەکانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی کڕینی شتومەکدا ئەو نرخەی هەڵواسراوە لەگەڵ کاتی پارەدان جیاوازە و پارەی زیاتر لە کڕیار وەردەگیرێت. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، "سزای تووندی لەسەرە."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جیاوازیی نرخی هەڵواسراوی مارکێتەکان لەگەڵ سیستمی کاشێر و پارەدان دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردنەوە و سزای تووندی شوێنەکە دەدرێ."
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، چاودێرانمان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی بازرگانی بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخ دەکەن؛ "راستە ئەو جیاوازییە هەبووە لە نرخدا و پێشتر چەندین مارکێتیش بەو هۆیەوە سزادراوە، سزاکان گەیشتوون بە داخستنیش."
لەبارەی سزاکانەوە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی، "سزای دارایی مارکێتەکە دەدرێ بەگوێرەی فێڵەکەی لە 50 هەزار بۆ 5 ملیۆن دینار، هەروەها هەندێک کات دەگاتە داخستنی شوێنەکە لە سێ بۆ پێنج رۆژ."
نەزاد شێخ کامیل داوای لە هاونیشتمانیان کرد، لە هەر مارکێت و فرۆشگەیەک جیاوازی نرخیان بینی لیژنەکانی چاودێری ئاگادار بکەنەوە بە "دڵنیاییەوە" سزای شوێنەکە دەدرێ.



