رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە مانگی داهاتوو هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەربەلا دەستپێبکات. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە. پارێزگاری سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، لە داهاتوودا زانیارییان هەبێت رایدەگەیێنن.
بڕەیارە ئەم ساڵیش هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو، بەشێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بچنە کەربەلا.
ساڵانە زۆرینەی زیارەتکاران لە دەرەوازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرەوە دەچنە کەربەلا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرپرسانی دەروازەکان کۆبوونەوەیان کردووە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لیژنە پێکهێندراوە و لە چەند وێستگەیەکدا پێشوازی لە زیارەتکاران دەکرێت، تاوەکو دەگەیێندرێنە کەربەلا".
عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ کاتی هاتنی زیارەتکاران دیاری نەکراوە، بەڵام پێدەچێ بکەوێتە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو، بۆ ئەوەش لیژنەی هاوبەش هەن و رێککەوتنی لەسەر دەکەن".
ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە چوونە کەربەلا، پاریش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار، بەڵام ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی بە فەرمی هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پێشوازی لە زیارەتکاران، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، لە داهاتوودا هەر زانیارییەکیان لەسەر هاتنی زیارەتکاران لە سنووری پارێزگاکەوە هەبێت بە فەرمی بڵاوی دەکەنەوە.
ساڵانی رابردوو لە پێشوازی زیارەتکاراندا لە سنووری هەردوو دەروازەکەی هەرێمی کورستانەوە تاوەکو بەڕێکەوتنیان بۆ کەربەلا، پاس، ئامێری فێنککەرەوە، ئاو، شەربەت، خواردن و ئامبوڵانس بێ بەرامبەر ئامادە کرابوون.
ساڵانە لە کاتی هاتنی زیارەتکاراندا بۆ خێرایی راییکردنی مامەڵەی زیارەتکاران، لە هەردوو دەروازەکەوە خاڵەکانی مۆرکردنی پاسپۆرت زیاتر دەکرێن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و پار کەوتە 14ـی مانگی ئابەوە، ئەمساڵیش دەکەوێتە 4 بۆ 5 ئابەوە.


