رووداو دیجیتاڵ ئەم بەیانییە ئاگر لە دوو کۆگای خۆراک لە رێگەی هەولێر – گوێڕ کەوتەوە. خاوەنی کۆگاکان دەڵێ: "بایی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیانمان بەردەکەوێ." ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئاگر لە دوو کۆگای خۆراک لەنێو کۆگاکانی سەر رێگەی هەولێر – گوێڕ کەوتووەتەوە." تیمەکانی بەرگریی شارستانیی چوونە شوێنی رووداوەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و لە قۆناخی ساردکردنەوەدان. محەممەد سەراج، خاوەنی هەردوو کۆگاکە کە خەڵکی باکووری کوردستانە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 9:00ی بەیانی هاتینە سەر کار؛ بینیمان ئاگر لە کۆگاکانمان بەرزدەبێتەوە." خاوەنی کۆگاکان دەڵێ: "تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نادیارە و بایی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیانمان بەردەکەوێ." پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەدا، لە ترسی تەشەنەکردنی ئاگرەکە، دراوسێیانی کۆگاکە کەلوپەلی نێو کۆگاکانیان دەبەنە دەرەوە. خاوەنی کۆگاکان روونیکردەوە: "شەش مانگ زیاترە سیستمی ئاگرکوژێنەوەمان داناوە، بەڵام کاری نەکردووە". موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت: "کۆگاکان مۆڵەتیان نییە. ئەگەر سیستمی ئاگرکوژێنەوە هەبوایە، ئەم کارەساتە رووینەدەدا." گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکە نەکەوتووەتەوە و 100٪ ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کرد." بە گوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 531 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە روویانداوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان24-06-2026شەش فەرمانبەری گومرگ لە بازگەی کەرکووک بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکران