رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرانی پسووڵەی خۆراکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، نزیکەی 230 هەزار منداڵ ناویان لە پسووڵەی خۆراک زیادکراوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی هەولێر دەڵێ: "پێشبینی دەکەین تەنیا لە سنووری ئێمە 200 هەزار منداڵ زیاد بکرێن."
دوێنێ خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزانەکان لە پسووڵەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق چالاک کرا. پرۆسەکە تایبەت بە خێزانی نوێیە، بەڵام زیادکردنی منداڵیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی گوت: "پرۆسەی جیاکردنەوەکە بە دیجیتاڵی و لە رێگەی ئەپلیکەیشنی فۆرمی خۆراکەوە دەبێت. داواکارییەکە لە رێگەی هەژماری باوک یان دایکەوە پێشکێش دەکرێ و ناوی کەسەکان تۆماردەکرێن."
سیامەند نانەکەلی گوتی: "ئەگەر خێزانەکە منداڵی هەبوو، ناوی ئەویش تۆمار دەکرێ."
لەبارەی ئاماری زیادکردنی منداڵەوە، بەڕێوەبەری پسووڵەی هەولێر دەڵێت: "لە 10ی ئەم مانگەوە 62 هەزار و 470 منداڵ تۆمارکراون؛ پێشبینی دەکرێ بگاتە 200 هەزار."
سەبارەت بە دیاریکردنی کات، سیامەند نانەکەلی گوتی: "هیچ کاتێک دیاری نەکراوە و مامەڵەکە بەکراوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام چەند زووتر منداڵ تۆمار بکرێ و خێزان جیابکرێتەوە، زووتر بەشەخۆراک وەردەگرن."
دووی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوول داخرا.
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە 13ی مانگی پێنجەوە تۆمارکردنی منداڵ لای ئێمە کارایە و نزیکەی 116 هەزار منداڵ تۆمارکراون. بێگومان ئەم ژمارەیە زیاد دەکات و پێشبینی دەکەین بگاتە 200 هەزار منداڵ."
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی دهۆک هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "لە سنووری پارێزگەی ئێمە زیاتر لە 42 هەزار منداڵ تۆمارکراون. بێگومان پێشبینی ژمارەیەکی زیاتریش دەکەین."
مەریوان هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری پسووڵەی هەڵەبجە سەبارەت بە زیادکردنی منداڵ لە سنووری پارێزگاکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامەڵەی زیاتر لە 8000 منداڵ پێشکێش کراوە و داوای زیادکردنیان لە پسووڵەی خۆراک دەکرێ؛ پرۆسەکە بەردەوامە."
لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت. 11%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار کەس.
لە سلێمانی ملیۆنێک و 967 هەزار و 51 هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت. 13%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە و نزیکەی 260 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
لە دهۆک زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە پێشتر مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت. 14%ـی خەڵک تۆمارنەکراون، واتە زیاتر لە 187 هەزار و 600 کەس بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
لە هەڵەبجە 115 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، لەوێ 90%یان تۆمار کراون کە دەبێتە 103 هەزار کەس و 12 هەزار کەسیش بەشەخۆراکیان بڕدراوە.




