رووداو دیجیتاڵ
دوای زۆربوونی کاردانەوەکان، دواجار زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، دۆسیەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەدیان رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە. وەزیری وەزارەتەکە دەڵێت، یەکشەممە کاری لەسەر دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، لەبارەی کەیسی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و رێبەری سەلفەییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ نزار جەزا، پەیامنێری رووداو قسەیکرد و رایگەیاند: "لیژنەی زانکۆی سلێمانی دۆسیەکەیان بۆ ناردووین".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "زانکۆی سلێمانی دوێنێ بە فەرمی دۆسیەکەیان ناردووە بۆ وەزارەتمان، من لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بووم و لە زانکۆ نەبووم، بۆیە بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستی من".
بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی کەسیەکە د. ئارام محەممەد گوتی: "دەبێت دۆسیەکە بگاتە نووسینگەی من و بێتە بەردەستم، دواتر لە رۆژێکی کاردا بتوانین بڕیاری لەسەر بدەین".
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، "رۆژی یەکشەممە دۆسیەکە دەکەوێتە بەردەستمان و دەبێتە یەکێک لەو کارانەی کە دەبێت جێبەجێی بکەین".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "سەیری ئەنجام دەکەین، لیژنەکە یەکسان و دادپەروەر بوون، کە گەیشت لای ئێمەش بڕیاری خۆمانی لەسەر دەدەین.
د. ئارام محەممەد لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی: "پسپۆڕی زۆر لە زانکۆکان هەن، دۆسیەکە کاری ئەوە نییە گۆرانیبێژێک یان هەر کەسێک لای خۆیەوە بڵی دەنگە بڵاوکراوەکەان راستن یان ژیریی دەستکردن".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی دەگوترێت گوشار لەسەر وەزیر هەیە بۆ دۆسیەکە د. ئارام محەممەد گوتی، هیچ گوشارێکیان لەسەر نییە و ئاماژەی بەوەشدا "یاسا لەگەڵ مرۆڤ دەجووڵێ نەوەکو لەسەر باکگراوند و ناوەکەی، کەیسەکە لەچوارچێوەی یاسادا هەرچی بێ هیچ تایبەتمەندییەک لەبەرچآو ناگیرێ؛ دکتۆر عەبدلـلەتیفیش تاوەکو ئێستا تۆمەتبارە، لیژنە و دادگە تۆمەت دەکات بە تاوانبار".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی، هیچ کەس پەیوەندی نەکردووە بۆ گوشارکردن لەسەر کەیسەکە، بەڵام "خەڵک پەیوەندی بۆ داواکاری جیاواز دەکەن؛ خەڵک بەو رووداوە هەژاوە و پێویستی بە ئارامکردنەوە هەیە. متمانەی مامۆستایان؛ دڵنیایی خوێندکاران و کەسوکاریان بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
لەبارەی سزادانی د. عەبدلـلەتیف ئەحمەد لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "یاسا و لیژنە سزاکە دیاری دەکەن، دەرکردن و یان دابڕان لە سلکی خوێندنی باڵا، دەرکردن هەیە ساڵێک بۆ دوو ساڵە و هەیە هەمیشەیی".
د. ئارام محەممەد رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەو بڕیاری لەسەر کەیسەکەدا، زانکۆی سلێمانی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی سلێمانی دەکات.
تۆمەتەکانی سەر د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەلایەن چەند خوێندکارێکی کۆلێژەکەی خۆیەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی بووە، کە دەڵێن، لە رێگەی مۆبایلەوە "وێنەی نەشیاو و قسەی نەشیاوی" لەگەڵدا کردوون، تاوەکو ئەمڕۆ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێ.

