رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی چەند چالاکییەکی جیاواز بۆ یادی عاشوور رێکدەخرێن، ئەمشەو لە تەکیەی کەسنەزانی و سبەی لە حوسێنییەی سلێمانی چالاکییەکان بەڕێوەدەچن.
ئەنجوومەنی رۆشنبیری کەسنەزانی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمشەو کاژێر 8:00 رێوڕەسمی یادی عاشورا بە ئامادەبوونی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بەڕێوەدەچێت".
هەروەها حوسێن خۆشناو، بەرپرسی حوسێینییەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، لەکاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی جیاوازی کاتی یادکردنەوەی عاشورا، لەنیوان ناوچەکاندا گوتی: "ئێمە پابەندین بە بڕیاری مەرجەعیەت کە سەید سیستانییە، ئەوان رۆژی هەینییان دیاریکردووە، ئێمەش بۆ سبەینێ، لە کاژێر 10ـی بەیانییەوە چالاکییەکانمان دەستپێدەکەین و تاوەکو دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبن".
لەبارەی چالاکییەکانی شەوان دەڵێت: "نزیکەی 10 شەوە چالاکییەکانمان بەردەوامن و شەوان لە کاژێر 8:30 بۆ 11:30 خولەک چالاکیمان هەیە".
حوسێن خۆشناو گوتی: "لەگەڵ پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکاندا پەیوەندی باشمان هەیە و پێکەوەژیانێکی زۆر باشمان هەیە، چونکە هەموومان پێمانوایە یەک خودا دروستیکردووین، لە دڵەوە یەکتریمان خۆش دەوێت و رێزی یەکدیی دەگرین و بەشداری خۆشی و ناخۆشی یەکدی دەکەین".
ئەمڕۆ بەهۆی یادی عاشوراوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پشووە، کە لەم رۆژەدا ئیمام حوسێن، لە سەردەمی دەسەڵاتی یەزیدی کوڕی معاویە لە کەربەلا کوژراوە، هەروەها دوای 40 رۆژی دیکە شیعەکان بۆ 40ـی کوژرانی ئیمام حوسێن لە مانگی ئابدا گەورەترین رێورەسمی ماتەمینی بۆ رێکدەخەن، ئەو کاتە شیعەکان لە هەموو شوێنێکەوە دەچنە کەربەلا.
.jpg&w=3840&q=75)

