رووداو دیجیتاڵ
هاوین وەرزی زێڕینی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان، لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگاکان دەڵێن: "هەزاران گەشتیار" هاتوون و زۆربەی هۆتێلەکان پڕبوون لە گەشتیار.
زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی لەم وەرزەدا دێنە هەرێمی کوردستان، لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن، جگە لە سەنتەری شارەکان، زۆرینەیان دەچنە هاوینەهەوارەکان، کە بەراورد بە شارەکان پلەی گەرمایان زیاتر لە 10 پلەی سیلیزی کەمترە.
گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتیارێکی زۆر هاتوونەتە سنوورەکەمان، بۆ پێشوازیکردنیان تەواوی هۆتێل و رێستۆرانتەکان لەو پەڕی توانای کاردان".
لە سلێمانی نزیکەی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میللی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتی: "هاتنی گەشتیاران لەم وەرزەدا زۆر باشە؛ سبەی فێستیڤاڵێکی گەورە لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی دەستپێدەکات و هەشت رۆژ دەخایێنێت، چاوەڕوان دەکرێ ئەویش ببێتە هۆکاری راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ سنوورەکەمان".
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی جەژندا لە هۆتێلەکانی هەولێر جێگە نەمابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی عاشووراوە گەشتیار کەمتر بووەتەوە".
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر "ئێستا نزیکەی 70%ی هوتێلەکان گەشتیاریان تێدایە، چاوەڕوان دەکەین دوای رێوڕەسمەکانی عاشوورا گەشتیاری زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان و هەولێر".
هەروەها سەرکار سبخەڵڵا دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی گەشتیاری باشە، بەڵام بەگشتیی لە بۆنەکاندا دەگاتە لووتکە، لە رۆژانی پشووی بۆنەکاندا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 8 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوورەکەمان".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی بەشێکی گەشتیارانی دهۆک ناچنە هۆتێل و لە خانوو و باخچە تایبەتەکاندا دەمێننەوە و بەشێکیشیان لە مووسڵەوە دەچن و دەگەڕێنەوە، زانیاری ورد لەبارەی ژمارەی گەشتیارانیان لە بەردەستدا نییە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 900 شوێنی گەشتیاری هەن، 145ـیان هۆتێلن، ئەمە جگە لە بوونی نزیکەی 250 ناوچەی گەشتیاری.
شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو باخانەی خانوویان تێدایە زیانی زۆریان بە هۆتێلەکان گەیاندووە، گەشتیاری عەرەب زۆرن و لەوێ پارەی کەمتر دەدەن و هیچ فلتەرێکی پاراستنی ژینگەشیان لەسەر نییە، بۆیە زیاتر دەچنە ئەوێ".
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتیشی: "پێشتر 12 هەزار کارمەند لە هۆتێلەکان هەبوون، ئێستا کەمکراونەتەوە بۆ نزیکەی شەش هەزار، بەهۆی ئەو خانووانەوە هەزاران هەلیکار لەدەستدراون".
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی گەشتاریی لە سنوورەکەمان نایابە؛ هۆتێل و خانوو و هەر جێیەکی شوێنی مانەوە بێ پڕ بووە و پێشوەختە دەگیرێن".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: "بۆ ئێمە وەرزی زێڕینی گەشتیارییە، زۆرترین گەشتیارەکانمان دەچنە ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم؛ بیارە، تەوێڵە و سەیرانگەی چاوگ".


