رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 10 رۆژە گەڕان بۆ تەرمی گەنجێک لە قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە رووباری سیرواندا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی گەرمیان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە تیمی بەڕێوەبەرایەتیمان، تیمی سلێمانی، سۆران، کفری، ئاسایش و خۆبەخشەکان بۆ تەرمی ئەو گەنجە گەڕاون، کە 10 رۆژ خنکاوە".
ئەحمەد لوقمان، گەنجێکی دانیشتووی کەلارە، وەستای کەباب بووە لە بەغدا، 17ـی حوزەیران کاتێک بۆ پشووە گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئامۆزایەکی بۆ راوە ماسی چووەتە رووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خنکاوە، لەو رۆژەوە گەڕان بۆ تەرمەکەی بەردەوامە.
شەوی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە چەند منداڵێک لە سنووری گوندێکی سنووری گەرمیان تەرمی ئەحمەدیان بینیوە. ئیبراهیم محەممەد گوتی: "بەدەم داوای ئەو کەسانەوە چووین و نزیکەی 20 کلۆمەتری سنوورەکە گەڕاین، بەڵام هیچ تەرمێک نەدۆزرایەوە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان گوتی: "بەگشتیی بە درێژایی 60 کیلۆمەتر گەڕان هەبووە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد، بەڵام نەدۆزراوەتەوە".
جگە لە تیمەکانی فریاگوزاری، سەتان هاونیشتمانیی سنووری گەرمیان لە 10 رۆژی رابردوو هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجەیان داوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
ئەم ساڵ لە رووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، سێ کەس لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 9ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 14 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاودا خنکاون، تەرمی هەموویان دۆزراوەتەوە جگە لەو گەنجەی لە کەلار خنکاوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، ئەو شوێنانەی تابلۆی قەدەخەکردنی مەلەیان تێدایە بەهیچ شێوەیەک مەلەیان تێدا نەکرێ؛ هەروەها رێنمایی هاونیشتمانیان دەکات کە:
- لە ئاوە کەم قووڵەکاندا، لە بەرزاییەوە خۆ هەڵنەدرێتە نێو ئاوەوە.
- جلی رزگاربوون لەکاتی مەلە بەکاربهێنن
- لە شوێنە چاودێرینەکراوەکاندا مەلە نەکرێ
- ئاگاداری دۆخی کەشوهەوا و ئاوەکە بن پێش مەلەکردن
- منداڵ لە نزیک ئاو جێنەهێڵدرێ
- پێش مەلەکردن مادەی سەرخۆشکەر بەکارنەهێندرێ



