رووداو دیجیتاڵ لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێک لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە کوژرا. پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی رووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە". بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، دوای ئەوەی تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دا دەرکەوتووە "ژنێک بە ناوی (ن. ن. ڕ) لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە کوژراوە" پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی بنەسڵاوە دەستبەجێ توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراوە بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.