رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئاوی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، هاونیشتمانییەک لەسەر نۆرەی ئاو، تەقە لە پۆلیسێک دەکات و پۆلیسەکە بریندارە. گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت: "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکە دەرچووە."
ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2026 ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە گوندی شەکلاری لەسەر نۆرەی ئاو، هاونیشتمانییەک بە ناوی شاهان مەحموود محەممەد، تەقەی لە دوو کەس کردووە و یەکێکیان بریندارە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەو هاونیشتمانییەی بریندارە، ناوی بەکر محەممەد ئەمینە و پۆلیسە لە قەزای سەیدسادق.
ماوەیەک لەمەوبەر کەسێک بە نازناوی (یاخی) خۆی ناساند؛ کۆمەڵێک نامە و دەنگی تۆمارکراوی، دژی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدوللەتیف سەلەفی بڵاوکردەوە؛ هەر ئەمڕۆش ناوبراو لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، باسی ئەم رووداوەی براکەی کردووە و ئاماژەی بە بریندارکردنی کەسێک داوە لەلایەن براکەیەوە.
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە روونیکردەوە کە بابەتەکە پەیوەندی بە کەیسی د. عەبدوللەتیف ئەحمەدەوە نییە و کێشەکە لەسەر نۆرەبڕینی ئاو دروست بووە. هاوکات دەشڵێت: "دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی براکەی یاخی دەرکردووە."




