رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کەرتی کارەبا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک هەزار و 974 مێگاوات کارەبای نوێ بەرهەم هێنراوە و نزیکەی چوار هەزار پڕۆژەی جۆراوجۆریش لە بوارەکانی گواستنەوە و دابەشکردن جێبەجێ کراون.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کارەبا، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا چەندین وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان خراونەتە کار کە رۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی بڕی کارەبای نیشتمانی دا، لەوانە:
- وێستگەی بازیان (750 مێگاوات)
- وێستگەی خۆرماڵە (500 مێگاوات)
- وێستگەی هەڵمی خەبات (300 مێگاوات)
- وێستگەی گەرمیان (165 مێگاوات)
- وێستگەی دێرەلووک (38 مێگاوات)
- وێستگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک (87 مێگاوات)
- بەرهەمهێنانی 134 مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردن
لە سێکتەری گواستنەوەی کارەبادا 61 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 372 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون کە بەسەر ناوچەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون:
- هەولێر و سۆران: 31 پڕۆژە بە گوژمەی 233.72 ملیۆن دۆلار.
- سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین: 22 پڕۆژە بە گوژمەی 98.99 ملیۆن دۆلار.
- دهۆک و زاخۆ: 8 پڕۆژە بە گوژمەی 40.13 ملیۆن دۆلار.
هەرچی کەرتی دابەشکردنی کارەبایە، 3 هەزار و 880 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 259 ملیار دینار جێبەجێ کراون، کە زۆرترین رێژەی پڕۆژەکان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بووە بە 2 هەزار و 224 پڕۆژە.
رێکخستنەوەی هاوبەشان و سزادانی سەرپێچیکاران
بە گوێرەی وەزارەتی کارەبا، گەیاندنی کارەبا بووە بۆ 575 هەزار هاوبەشی نوێ، ئێستا 85%ـی هاوبەشانی کارەبا (کە کۆی گشتییان یەک ملیۆن و 975 هەزار هاوبەشە) کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە.
حکومەت لە رێگەی رێکخستنەوەی تۆڕەکانەوە توانیویەتی 6 هەزار مۆلیدەی تایبەت لەناو گەڕەکەکان بکوژێنێتەوە و زیاتر لە 62 هەزار سەرپێچی سەر تۆڕی نیشتمانیش لابدات.
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوە دەکات کە لە رێگەی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، توانراوە رێگری لە بەفیڕۆچوونی سامانێکی زۆر بگیرێ و ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
