رووداو دیجیتاڵ
13 ساڵە، ژیان لە کۆمەڵگەی (سەری بڵند) لە سنووری قەزای بنەسڵاوە، بۆ 500 خێزانی دانیشتووەکەی، بەندە بە چاوەڕوانیی هاتنی ئاو یان ناچاربوون بە کڕینی بە تەنکەر. دانیشتووانی پڕۆژەکە، خۆیان لە نێوەندی گێژاوێکدا دەبیننەوە کە لە لایەکەوە کۆمپانیای وەبەرهێنەر بە کەمتەرخەم دەزانن و لە لایەکی دیکەشەوە لە رێکارە ئیداری و یاساییەکان گیریان خواردووە.
ئەرسەلان عەلی، یەکێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەکە، کە لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لە کەرکووک ئاوارە بووە و لەوێ نیشتەجێیە، وێنای وردی دۆخەکەی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو بەمشێوەیە کێشا و گوتی: "پێش هاتنی منیش، کێشەی ئاو هەبووە. بەڵێنیان پێداین ئەگەر پێوەری ئاو ببەستین، کێشەکە چارەسەر دەکەن. ئێستا زۆربەمان پێوەرمان بەستووە، بەڵام هێشتا بۆرییەکان وشکن."
ئەرسەلان باس لەوە دەکات کە دوو رۆژ جارێک، تەنیا بۆ ماوەی 20 خولەک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە کە "بەشی هیچ ناکات". ئەم دۆخە وایکردووە کڕینی ئاو ببێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ: "ناچارین تانکییەک ئاو بە 10 هەزار دینار بکڕین. لەم دۆخە بێمووچەییەدا ئەمە بارگرانییەکی گەورەیە. تانکییەکیش تەنیا بەشی دوو رۆژ دەکات، چونکە هاوینە و پێویستیمان بە ئاو زۆرە. تەنانەت لە شایی و شینیشدا دەبێت ئاو بکڕین." نیگەرانییەکی دیکەی دانیشتووان، پاکیی ئەو ئاوەیە کە بە تانکەر دەیکڕن و وەک خۆیان دەڵێن، " دڵنیانین لە پاکیی ئاوەکە و دەکەوێتە سەر ویژدانی فرۆشیارەکان."
موختاری کۆمەڵگەی سەری بڵند، پشتڕاستی دەکاتەوە کە "دوو رۆژ جارێک 20 خولەک" ئاویان پێدەگات و دەڵێت: "بەردەوام سێ تانکەر لە نێو کۆمەڵگەکە دەسووڕێنەوە و بۆ هەر تانکییەک 10 هەزار دینار وەردەگرن".
کۆمپانیای (سەری بڵند) کە پڕۆژەکەی جێبەجێکردووە، دان بە بوونی کێشەکەدا دەنێت، بەڵام هۆکارەکان بۆ چەندین فاکتەری دەرەکی دەگەڕێنێتەوە. هۆشمەند تاهیر، پارێزەری کۆمپانیاکە، لە (بەرپرسیار) گوتی: "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، نزیکەی 100 خێزانی ئاوارە هاتنە ناو کۆمەڵگەکە و نیشتەجێبوون، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە پڕۆژەکە هێشتا بە فەرمی تەواو نەکرابوو و رادەستی حکومەت نەکرابوو. ئەمە بووە رێگر لەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست پێشکێش بکەین."
پارێزەری کۆمپانیاکە، هۆکارەکانی دیکەی وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی هێنایەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا نەتوانێت پڕۆژەکە تەواو بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە کە تۆڕی ئاوی ناوخۆیی تەواو کراوە و زۆربەی ماڵەکان پێوەری ئاویان بەستووە. ئەو گوتی: "ئێمە لەسەر ئەرکی خۆمان بیرێکمان بە قووڵایی 450 مەتر لێداوە، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیی شوێنەکە کە بەرزە، وایکردووە ئاوی کەم بێت. ئێستا تەنیا چاوەڕێی بەردانەوەی ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێرین."
بەرپرسانی کەرتی ئاو لە هەولێر، کێشەکە لە دوو رەهەندی سەرەکییەوە دەبینن: رێکاری یاسایی و کێشەی تەکنیکی.
ئەندازیار بێستوون یاسین، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، لە (بەرپرسیار) روونیکردەوە: "هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان، پێویستە کۆمپانیاکەی سەردانی فەرمانگەی ئاو بکات و مامەڵەی یاسایی بۆ کردنەوەی 'هاوبەشیی یاسایی' بۆ دانیشتووانەکەی ئەنجام بدات. بەستنی پێوەر بەبێ ئەم رێکارە یاساییە سوودی نییە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیشتووانی سەری بڵند "زۆر درەنگ" داواکاریی فەرمییان پێشکێش کردووە، هەرچەندە ئەوان پێشتر دەستیان بە کار کردبوو بۆ گەیاندنی هێڵی سەرەکی.
رەهەندی دووەم، کێشەیەکی تەکنیکییە. ئەندازیار بێستوون گوتی: "کۆمەڵگەی سەری بڵند بەرزترین خاڵە لە ناوچەکە، کاتێکیش بەهۆی زۆربوونی بارەوە ڤۆڵتییەی کارەبا نزم دەبێتەوە، بەرهەمی ئاو کەم دەکات و گەیاندنی ئاو بۆ ئەو شوێنە بەرزانە قورس دەبێت."
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بەڵێنی چارەسەر دەدات. ئەندازیار بێستوون جەختی کردەوە: "هێڵی ئاومان تا ناو کۆمەڵگەکە گەیاندووە. ئەگەر کۆمپانیا رێکارە یاساییەکان تەواو بکات، ئێمە لە ماوەی 15 رۆژدا ئاویان بۆ دابین دەکەین."
لەکاتێکدا دانیشتووانی کۆمەڵگەکە زیاتر لە دەیەیەکە بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن، چارەسەرەکە لەنێوان تەواوکردنی چەند رێکارێکی یاسایی لەلایەن کۆمپانیاوە و چارەسەرکردنی کێشەی ڤۆڵتییەی کارەبا لەلایەن حکومەتەوە وەستاوە. تا ئەو کاتە، تانکەرەکانی ئاو و بۆرییە بەتاڵەکان، بەشێک لە دیمەنی رۆژانەی کۆمەڵگەی سەری بڵند پێکدەهێنن.

