رووداو دیجیتاڵ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی بازیان – سلێمانی، کەسێک گیانی لەدەستدا، بەوەش لە 24 کاژێری رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا گەیشتە پێنج کەس. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوە هاتووچۆکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون". بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، رووداوەکە "سەخت" بووە و لەنێوان بارهەڵگرێکی سووتەمەنی و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت روویداوە. جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانی زۆری مادی بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتوون. ئێوارەی دوێنێ لە گوندێکی نزیک کۆیە دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا. هەروەها پێش نیوەڕۆی دوێنێ لەسەر رێگەی ژاراوە - قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دوو کەسی دیکە بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستدا.