رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەی ژمارەیەک لە قوتابییانی پۆلی 12 ئاشکرا نەکراوە. بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، کارکردنیان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بڵاو بکەنەوە.
د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجامی تاقیکردنەوەی پێنج هۆڵی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 لە سنووری سلێمانی ماون و خۆمان رامانگرتوون."
9ـی تەممووز ئەنجامی تاقیکردنەوەی قوتابییانی پۆلی 12 بەفەرمی بڵاو کرایەوە. وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نایەوێت هۆکاری راگرتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئەو پێنج هۆڵە ئاشکرا بکات.
لەبارەی کاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی قوتابییانی ئەو پێنج هۆڵەوە بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتی: "کاریان تێدا دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاو دەکرێتەوە."
ئەمساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمدا هەبوو. بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە بۆ رووداو، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە 11-08-2026 دەستپێدەکەن.


