رووداو دیجتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند، سێ رۆژە ئاگر لە گوندی گریانە و دەوروبەری کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەهۆیەوە سێ کارمەند بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی سەختی ناوچەکە و هەبوونی مین و تەقەمەنییەوە کوژاندنەوەی ئاگرەکە سەختە، سێ رۆژ هەوڵەکان بەردەوامن و بە تەواوی نەکوژراوەتەوە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گوتیشی: "ئاگرەکە سێ جار کوژێندرایەوە و بەهۆی سووتانی دار لە جێگەی بەرز و کەوتنە خوارەوەی پشکۆکەی دیسان ئاگر گرتووەتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پلانێکی نوێ ئەمڕۆ بە تەواوی ئاگرەکە بکوژێنینەوە".
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە، زانیار عومەر گوتی: "لە سێ رۆژی رابردوودا سێ کارمەندمان بەهۆی هەڵدێرانەوە برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، ئێستا تەندروستییان باشە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، لەبارەی زیانە ژینگەیی و سرووشتییەکانەوە، گوتی: "بە هەزاران دۆنم دارستان، پووش و پاوانی سرووشتی سووتاون".



