رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان راگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 383 جۆر سکاڵا و تووندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراون و 12 پیاویش کوژراون. رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی لیژنەی بەدواداچوون و تۆمارکردنی کەیسەکان لە رێکخراوەکەمان، لە 1-1-2026 تاوەکو 1-7-2026، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان 383 جۆر سکاڵا و تووندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراون." بورهان عەلی ئاماژەی بەجۆری تووندوتیژییەکان کرد و گوتی: "بریتین لە دەستوەردانی کەسوکار لە ژیانی هاوژینی، بێبەشکردنی باوک لە بینینی منداڵ، دەرکردنی پیاوی بەتەمەن لە ماڵ، خیانەتی هاوسەری، تووندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی سێکسی". سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان گوتیشی: "لەو ماوەیەدا 33 پیاو خۆیان کوشتووە، هەروەها 12 پیاوی دیکەش بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە کوژراون." لەبارەی هۆکار و پاڵنەری کێشەکان، بورهان عەلی گوتی: بەشێکی بۆ قەیرانی دارایی و ئابووری دەگەڕێتەوە، کە کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر زیادبوونی کێشەکان. هەروەها گۆڕانی بەها کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە رووحی قوربانیدان و لێبووردەیی لەناو خێزاندا کەمببێتەوە، ئەمانەش هۆکاری سەرەکین بۆ ئەو تووندوتیژی و سکاڵایانەی لای ئێمە تۆمار دەکرێن." بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی پیاوانی کوردستان پار، پار 611 سکاڵا و تووندوتیژی تۆمارکراون. 73 پیاو خۆیان کوشتووە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە بە 28 کەس، دواتر سلێمانی 27 کەس، دهۆک نۆ، کەرکووک شەش و هەڵەبجە سێ کەس. بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی پیاوان، لە ساڵی 2024 دا 609 تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان و سکاڵای پیاوان بەرامبەر ژنان تۆمار کراون، لە ساڵی 2023 دا، 619 تووندوتیژیی دژی پیاوان تۆمار کراون، 67 خۆکوشتنی پیاوان و 8 کوژرانی پیاو لەلایەن ژنان بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکرابوون.
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-202622 هەزار پارچە زەوی لە کەلار دابەش دەکرێت، فەرمانبەرانی خانەقین لە کوێ زەوی وەردەگرن؟
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026پۆلیسی دارستانی سلێمانی: ئەمساڵ 30 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و شەش کەسیش دەستگیرکراون