رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین 100 دیناری دیکە بەرزبووەوە، لە هەولێر نرخەکە زیاتر بەرزبووەوە و لە هەندێک بەنزینخانە لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و 370 دینار.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە کۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە بۆ 1300 دینار. هەروەها گازوایل بە کۆ لیتری بە 1000 دینارە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر لیتری بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرز 1370 دینارە و لە بەشێکی دیکەی بەنزینخانەکان لیترێک بە 1325 دینارە.
لە سلێمانیش نرخی لیترێک بەنزین 100 دیناری چووەتە سەر. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی ئەو شارە، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1150 دینارە. بەنزینی موحەسەن 1350 دینارە و سووپەر 1500 دینار.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەنزین بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رووداو دەڵێ، "هۆکاری گرانیی بەنزین کەمیی بەرهەمە"و ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت کەمە و دەبێت زیاد بکرێت. هەروەها بەشێک لە خاوەنی بەنزینخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئەوەیە، زۆرینەی بەنزینی نێوخۆ هەناردەی تورکیا دەکرێت.



