رووداو دیجیتاڵ دووکاندارێکی ناوچەی پیشەسازیی باشووری شاری هەولێر، دەڵێت، سەرەڕای قەرزی رووناکی لەسەر بووە و پارەکەی داوە، بەڵام نزیکەی 15 رۆژە بەهۆی بڕانی کارەباکەیەوە کارەکانی پەکخراوە. هەفتەی رابردوو تیمی پڕۆژەی "رووناکی" رایانگەیاند: "کێشەکە چارەسەر بووە و بەڵێن دەدەن هەر ئەمڕۆ کارەبای بۆ بگێڕنەوە." بەڵام تاوەکو ئێستا کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە. ئالان، کە تەعدیلچییە لە پیشەسازیی باشوور، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە 4ـی ئەم مانگەوە بە گرێبەست ئەم دووکانەم گرتووە کە پێشتر کرێچی تێدابوو. لە شەشی تەممووزدا 266 هەزار دینار قەرزی پێشووی کارەباکەم لە یەکەی فرۆشتنی وزە لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر-1 لە گەڕەکی کوردستان بە تەواوی واسڵ کردووە." ئەو دووکاندارە ئاماژە بە زیانە داراییەکانی دەکات و دەڵێت: "نزیکەی دە رۆژە کارەبامان نییە. چوار شاگردم هەیە کە دەبێت رۆژانە پارەیان بدەمێ، کرێی دووکانم لەسەرە و هیچ ئیشێکیشم پێ ناکرێت. لەم گەرمای هاوینەدا ناچارین بە موەلیدەی سەفەری کار بکەین و ژیانمان نەماوە. چەندین جار پەیوەندیمان بە هێڵی گەرمی (1992)ی پڕۆژەی رووناکییەوە کردووە، بەڵام تەنیا بەڵێن دەدەن و کارەباکەمان بۆ هەڵناکەنەوە." دوای بەدواداچوونی رادیۆی رووداو بۆ کێشەی ئەم هاووڵاتییە، تیمی "پڕۆژەی رووناکی" بە رووداویان رایگەیاند: "دووکانەکە پێشتر بەهۆی نەدانی پارەوە کارەباکەی بڕدرابوو. دوای ئەوەی هاوبەشەکە قەرزەکەی داوەتەوە، ئێستا فەرمانی لێدانەوەی کارەباکەی بۆ دەرچووە." سەبارەت بە دواکەوتنی گەڕانەوەی کارەباکەی، تیمی "پڕۆژەی رووناکی" دەڵێن: "بە گشتی دوای دانەوەی پارە، لە ماوەی 14 خولەک تاوەکو چەند کاژێرێک کارەباکە هەڵدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر کێشەیەکی هونەری یان سیستمی هەبێت کاتێکی زیاتر دەخایەنێت. کێشەی ئەم بەڕێزە ئێستا چارەسەر کراوە و بابەتەکەمان دووبارە بەرزکردووەتەوە؛ بە دڵنیاییەوە هەر ئەمڕۆ بە زووترین کات کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە." ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "هەرچەندە ئەو رۆژە بەڵێن بوو کارەبای دووکانەکەم بگەڕێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەبامان نەگەڕاوەتەوە."