رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گوندەکانی سنووری قەزای سیدەکان، بەهۆی کەمی کاژێرەکانی کارەبا و نەبوونی موەلیدەی ئەهلی لە دۆخێکی سەختدا دەژین. دووکاندارێکی ئەو سنوورە دەڵێت: "بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی کارەبا ناتوانین ئەو شتانە بکڕین کە پێویستیان بە ساردکەرەوەیە." رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، بورهان شینۆ، دووکاندار لە گوندی دووستانەی قەزای سیدەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە گوندەکانی سنووری سیدەکان زۆر کەمی کردووە، هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە بۆ پێدانی کارەبا وەک (موەلیدە ئەهلییەکان) ئەمەش گرفتی دروستکردووین." سەرەڕای دروستکردنی کێشە بۆ فێنککەرەوە و ساردکەرەوەی ماڵان، ئەو دووکاندارە دەڵێت: "ناتوانین ئەو شتانە بکڕین کە پێویستیان بە ساردکەرەوەیە، وەکو (مریشک، ماست و مۆتە)." بورهان شینۆ گوتیشی: "لە گوندەکانی سنووری سیدەکان لە 24 کاژێر تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە و ئێستا 148 گوند ئەو کێشەیان هەیە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، لەلایەن وەزارەتی کارەبا، پێدانی کارەبا لە گوندەکانی سنووری سیدەکان کەمبووە." قایمقامی قەزاکە گوتیشی: "لە سنووری سیدەکان 148 گوندی ئاوەدان هەن، بەشێکی دانیشتووانی گوندەکان کارەبای وزەی خۆریان داناوە، بەڵام بەهۆی دووریی نێوان گوندەکان و زۆری ژمارەیان، ناتوانرێت کارەبای جێگرەوە (موەلیدە) بۆ هەموو ئەو شوێنانە دابین بکرێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان23-07-2026نەخۆشییەک ژیانی منداڵێکی خستووەتە مەترسییەوە؛ 'بە 320 دەفتەر چارەسەر دەکرێت'