رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی سنووری مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر گلەیی لە کەمئاوی دەکەن و دەڵێن، لەم هاوینەدا ئەو بڕە ئاوەی بۆیان بەردەدرێتەوە بەشی پێداویستییەکانیان ناکات. لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی مەلائۆمەر دەڵێت، دەرخستەی پێویست بۆ گەیاندنی هێڵی ئاوی فریاگوزاری هەولێر بۆ سنوورەکەیان کراوە.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی تارین لە مەلا ئۆمەر، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی کێشەی کەمئاویی سنوورەکەیانی کرد و رایگەیاند، "کێشەکە تەنیا بە هاوینان نییە، بەڵکو زستانانیش بەردەوامە. ئاو رۆژ نا رۆژێک بەردەدرێتەوە. لەو رۆژەشدا تەنیا چەند کاژێرێک ئاو دەدرێت و بەهۆی لاوازیی پەستانی ئاوەکەشەوە تانکییەکانمان پڕنابن. جگه لەوەش، لە مانگێکدا چەندین جار بیانووی تێکچوونی تۆڕەکان ئاو دەبڕدرێت."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، لە وەرزی زستاندا بەهۆی لێڵبوونی ئاوەکەوە ناچار دەبن ئاو بکڕن و داوا دەکات هاوشێوەی ناوچەکانی دەوروبەریان، هێڵی ئاوی پرۆژەی ئیفرازیان بۆ رابکێشرێت.
فەرمانگەی ئاوی مەلا ئۆمەر: 10 بیری ئاو بە تەواوی وشکیان کردووە
ئەیوب سەعید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی مەلا ئۆمەر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رووداودا روونکردنەوەی پێویستی لەسەر رەوشی ئاوی ناوچەکە دا و گوتی، "دانیشتووانی مەلا ئۆمەر زیاتر لە 15 هەزار کەسن. ئێمە لە سنووری مەلائۆمەر سێ هەزار و 600 هاوبەشمان هەن کە 93٪یان پێوەری ئاویان بەستووە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی مەلائۆمەر گوتیشی، "سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی سنوورەکەیان بە بۆڕییەکی تایبەت لە پیرمامەوە دێت، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە لە ساڵانی رابردوودا لە کۆی 18 بیری ئاو لە سنوورەکەمان، 10 بیریان بە تەواوی وشکیان کردووە و ئێستا تەنیا هەشت بیر کار دەکەن کە توانایان زۆر سنووردارە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی مەلا ئۆمەر جەختی لەوەش کردەوە، گەشەی دانیشتووانی ناوچەکە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا سێ بۆ چوار بەرامبەر زیادی کردووە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕەکانی ئاو.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو گەڕەکانەی تۆڕەکانیان کۆن بوون یان رووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە، ئەیوب سەعید رایگەیاند، دەرخستە و دیزاینی پێویست کراوە بۆ ئەوەی ئاوی مەلا ئۆمەر بخرێتە سەر پڕۆژەی ئیفراز، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆڕی ئاوی خێرا، بڕی ئاو و کاژێرەکانی دابەشکردنی ئاو بۆ هاونیشتمانییان زیاتر دەکرێت.



