رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات. لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەر کە پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆبوونەوەکە کاژێر 10:30ی بەیانی لە هۆڵی "مامۆستا سەعد" لە شاری هەولێر دەستپێدەکات و ماوەی دوو کاژێر دەخایەنێت.
تەوەری یەکەم: کێشەی سووتەمەنی و کارەبا
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی دەخرێنەڕوو.
هەر لەم تەوەرەدا، پرسی دابینکردنی نەوتی خاوی پێویست بۆ پاڵاوتن بە مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی و "هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز و گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا بۆ ئاستی ئاسایی" تاوتوێ دەکرێن. ئەم بابەتانە لە رێگەی خستنەڕووی داتا، زانیاری و ئامارەکانەوە لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت پێشکێش دەکرێن.
تەوەری دووەم: ئامادەکاری بۆ بودجەی 2027
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مادە، بڕگە و خشتەکانی پەیوەندیدار بە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، کە ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی.
ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی میکانیزمی هاوئاهەنگیی لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیرە کوردەکانی ناو حکومەتی فیدراڵیی دەکات، بە ئامانجی جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا.
تەوەری سێیەم: پڕۆژەیاسای قەرز و ژمێرەی کۆتایی
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەیاسای "قەرز، بەخشین و هاوکارییەکان" (الإقتراض والمنح والإعانات) لەگەڵ پڕۆژەیاسای "پەسندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012، 2013، 2014 و 2015" دەخرێنەڕوو.
ئەم پڕۆژەیاسایانە پێشتر خوێندنەوەی یەکەمیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کراوە. لەم کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، روونکردنەوەی پێویست لەسەر بڕگە و ماددەکانی ئەم پڕۆژەیاسایانە دەدرێت کە رەنگدانەوە و پەیوەندییان بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.


