رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، رێکارەکان بۆ خۆپارێزی لە ئاگرکەوتنەوە لە چیای گۆیژە تووندتر دەکرێن و بە هەموو شێوەیەک ئاگرکردنەوە لە چیاکە قەدەخەیە، دەشڵێت "هەوڵدەدەین سیستمی ئاودێری دارستانەکانی گۆیژە بگۆڕین."
ئەمڕۆ 28ی تەممووزی 2026 ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهەموو شێوەیەک بۆ برژاندن و نێرگەلە کێشان و هەر بابەتێکی دیکە ئاگرکردنەوە لە چیای گۆیژە قەدەخەیە، تیمەکانی بەرگری شارستانیش بەردەوام لەسەر چیاکەن و چاودێری دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا، بەخێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت."
ئاوارە ئەحمەد دەڵێت: "پلانمان هەیە ئەو بۆرییە پلاستیکیانەی بۆ ئاودانی دارستانەکانی سنووری چیای گۆیژە دانراون، بگۆڕین بۆ بۆریی ئاسن، بۆ ئەوەی لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا نەسووتێن، چونکە کاتێک بۆرییە پلاستیکییەکان دەسووتین بە ئاسانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ ناکرێت و بەخێراییش سیستمی ئاودێرییەکە تێکدەچێت، بەڵام بۆریی ئاسن زیاتر دەمێنێتەوە و دەتوانین بۆ ئاگرکوژاندنەوەش سوودی لێوەربگرین."
رووبەری دارستان و پاوانی چیای گۆیژە زیاتر لە شەش هەزار دۆنمە، ئاوارە ئەحمەد گوتی، "25 ساڵ لەمەوبەر چیای گۆیژە، زیاتر لە 300 کرێکاری هەبووە بۆ سەوزکردنی و دروستکرنی ئاگربڕ، بەڵام ئێستا هیچ کارمەند و کرێکارێکمان نییە، بەگوێرەی ئەو بودجەیەی لە بەردەستمانە، کرێکاری رۆژانە بەکرێ دەگرین بۆ دروستکردنی ئاگربڕ و رێکخستنەوەی دارستانەکە."
شەوی 22ـی تەمووزی 2026 لە چیای گۆیە ئاگرکەوتەوە بەهۆیەوە 148 دۆنم پاوان و دارستان و 960 دار سووتان، دوای چەند کاژێرێک لە هەوڵدان تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، ژمارەیەک رێکخراو ئامادەییان بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی سەوزکردنی گۆیژە راگەیاندووە، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی دەڵێت، "سوپاسی دڵسۆزی رێکخراوەکان و کەسانی دڵسۆز دەکەین بەڵام ئێستا مانگی تەمووز و ناوەڕاستی هاوینە، کاتی ئەوە نییە نەمام لە شاخی گۆیژە بڕوێنرێت، جگە لەوەش شاخەکە رێژەیەکی کەم خۆڵی لەسەر ماوە، دەبێت لەکاتێکدا نەمام بچێنین، کە سوودی هەبێت، چونکە ئێستا زۆرینەی نەمامەکان وشک دەبن، بۆیە دەبێت لە کاتی گونجاودا هەڵمەتی سەوزکردنی چیاکە بدرێت."

