رووداو دیجیتاڵ
پاسێک بە 15 سەرنشینەوە لە رێگەی سلێمانی - دووکان وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 5 کەس برینداربوون. گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، برینەکانیان سووکە.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاسەکە خێزانێکی تێدابووە کە بۆ سەیران بەرەو دووکان رۆیشتوون، لە نزیک کانی سارد پێش بازگەی دووکان وەرگەڕاوە."
لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەوە بەهمەن عەبدوڵڵا گوتی، "سووکانی پاسەکە وەستاوە و شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی پاسەکە بکات."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی سەرنشینەکان بەسەریەکدا کەوتوون، پێنج کەسیان برینداربوون و گوێزرانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (شەهید غەریب هەڵەدنی) لە دووکان.
لەبارەی تەندروستیی بریندارەکانەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری خێرای سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، "بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی (شەهید غەریب هەڵەدنی) لە دووکان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و برینەکانیان سووکە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە." گوتیشی، تیمەکانی پۆلیس و فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن و رێکاری پێویست گیراوەتەبەر.



