رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای چەمچەماڵ، نزیکەی 200 ژینگەپارێز رێگری لە گەڕانەوەی بارهەڵگرەکانی کۆمپانیایەکی پاککەرەوە بۆ شاری سلێمانی دەکەن. هۆکاری ناڕەزایەتییەکەشیان بۆ مووچەی مانگێک دەگەڕێتەوە دوو ساڵە وەرگیان نەگرتووە.
ئەمیر فازڵ و هەژار حەمەخورشید، دوو لەو ژینگەپارێزانەن چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو 300 هەزار دینارە دەکەن لای کۆمپانیاکە قەرزارن. ئەوان دەڵێن ئەو بڕە پارەیە، ئەگەرچی کەمیشە، بەڵام بۆ بژێوی و دەرمان و پێداویستیی رۆژانەی خێزانەکانیان گرنگە.
ئەمیر فازڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم حاڵە پارە پەیدا دەکەین، کەچی پارەمان نادەنێ. تخوا ئەوە حاڵە؟ ژیان چۆن وا دەکرێت؟"
هاوکات هەژار حەمەخورشید، ژینگەپارێزێکی دیکەیە و دەڵێت: "پارەی مانگێکمان خوراوە، داواکارین بماندەنەوە، چونکە هەموومان نەخۆشمان هەیە و خێزاندارین."
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری 10 شارەوانیی قەزای چەمچەماڵ، نزیکەی 200 کارمەند و ژینگەپارێز لە هەمان مەینەتیدان. تووڕەیی کرێکاران گەیشتووەتە ئاستێک رایدەگەیێنن، تاوەکو کۆمپانیاکە شایستە داراییەکانیان بۆ نەگەڕێنێتەوە، بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان وەکو "بارمتە" دەهێڵنەوە.
ئارام عەزیز، چالاکڤانی بواری کرێکاران لەبارەی هەڵوێستی ژینگەپارێزان بە رووداوی گوت: "داوامان لە کۆمپانیا کردووە لە ماوەی 10 رۆژدا پارەکە نەدەنەوە، ئەوا ژینگەپارێزەکان هەڵوێستی مەدەنییان دەبێت."
ماوەی دوو ساڵە کارەکانی ئەو کۆمپانیایە لە چەمچەماڵ کۆتایی هاتووە. بەرپرسانی کۆمپانیاکە باس لەوە دەکەن نزیکەی دوو ملیار دیناریان لە بانکەکاندا گیر بووە و بەهۆی نەبوونی نەختینەوە (کاش) بۆیان خەرج ناکرێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر کاتێک گرفتە بانکییەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، زیاتر لە 100 ملیۆن دیناری مووچەی نەدراوی ژینگەپارێزەکان دابەش دەکەن.


