رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی قاسمییەی سەر بە ناحیەی هەریر ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر راگەیاند، پێنج تیمی ناوچەکانی دەوروبەر خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11:50ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگر لە ناوچەی قاسمییە لە هەریر کەوتووەتەوە؛ بەهۆی زۆریی پووش و پەلاش لە شوێنەکەدا، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و تیمەکانمان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان."
بە گوتەی شاخەوان سەعید، ئاگرەکە بەهۆی پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاگرەکە بەردەوامە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "تیمەکانی پێنج بنکەی ناوچەکانی دەوروبەر لەوێن و خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن."
شاخەوان سەعید راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ کۆگایەک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر ئاگری گرتبوو، بەڵام لەلایەن تیمەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر باسی لە زیادبوونی رووداوەکان کرد و دەڵێت: "ئەمڕۆ دوو ئاگری گەورە و چەندین ئاگری بچووکمان هەبووە؛ بەداخەوە رۆژانە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە زیادبووندان."
بەپێی ئاماری بەرگری شارستانیی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر و دەوروبەری کەوتوونەتەوە.




