رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەت بە مۆڵەتی تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە، کە تێیدا نرخ بەپێی رێژەی تاریکی لەنێوان 150.000 بۆ یەک ملیۆن دینار دیاریکراوە و مەرجی تووندیش بۆ پاراستنی روونیی جامی پێشەوە و تەنیشتەکانی شۆفێر دانراوە. رێنماییە نوێیەکە سزای 500.000 دیناری بۆ دواکەوتنی نوێکردنەوەی مۆڵەت داناوە و هەموو رێنماییەکانی پێشووش تایبەت بەم بابەتە هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەپێی رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە نرخ، مەرجە تەکنیکییەکان و سزای سەرپێچیکاراندا کراوە و هەموو رێنماییەکانی پێشوو هەڵوەشێندراونەتەوە.
مۆڵەتی جامی تاریک بۆ یەک تاوەکو سێ ساڵ دەبێت و ساڵانە کرێی لێ وەردەگیرێ. رێنماییەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە تابلۆی هەرێمی کوردستانیان هەیە، یان تابلۆی فیدراڵن و خاوەنەکانیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، یان ئەو ئۆتۆمبێلە بیانییانەی بە شێوەی یاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ چەند مەرجێکی بۆ تاریککردنی جامەکان داناوە:
- جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل بە هیچ جۆرێک نابێت تاریک بکرێ و دەبێت رێژەی روونییەکەی 100% بێت.
- تەنیا جامی دواوە و هەردوو جامی تەنیشتی سەرنشینانی دواوە دەکرێ تاریک بکرێن.
- تاریککردنی هەردوو جامی تەنیشتی شۆفێر و سەرنشینی پێشەوە قەدەخەیە، ئەگەر لە حاڵەتی تایبەت نەبێ.
- دەبێت (ستیکەرێکی شەفاف) کە لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ و رێژەی تاریکییەکەی تێدایە، لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکە بدرێ.
- ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن لیژنەی تەکنیکیی هاتووچۆوە بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەپشکندرێ تاوەکو رێژەی تاریکییەکەی دیاری بکرێ.
وەزارەتی ناوخۆ نرخی بەم شێوەیە دیاریکردووە:
- رێژەی 1% تاوەکو 30%: ئەگەر لە بنەڕەتدا و لە کۆمپانیاوە تاریک بێت، هیچ بڕە پارەیەکی لێ وەرناگیرێ.
- رێژەی 31% تاوەکو 50%: ساڵانە بڕی 150.000 دینار.
- رێژەی 51% تاوەکو 80%: ساڵانە بڕی 300.000 دینار.
- رێژەی زیاتر لە 80%: ساڵانە بڕی 500.000 دینار.
- ئۆتۆمبێلێک لە کۆمپانیاکەوە تاریکیی جامەکەی 80٪ زیاتر بێت: ساڵانە بڕی 1.000.000 دینار.
تێچووە کارگێڕییەکان:
|
جگە لە کرێی ساڵانە، بۆ هەر مۆڵەتێک ئەم بڕە پارەیە وەردەگیرێ:
- 30.000 دینار وەک باجی رێگەوبان.
- 25.000 دینار وەک تێچووی پشکنین و مۆڵەت.
سزای دواکەوتن و لێکردنەوەی جام:
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە شۆفێران، ئەگەر مۆڵەتەکەیان لە کاتی خۆیدا نوێ نەکەنەوە، رووبەڕووی ئەم سزایانە دەبنەوە:
- دوای تێپەڕبوونی 30 رۆژ بەسەر بەسەرچوونی مۆڵەت، شۆفێرەکە بە بڕی 500.000 دینار سزا دەدرێ.
- ئەگەر مۆڵەتەکە نوێ نەکرێتەوە، خاوەنەکەی ناچار دەکرێ بە لێکردنەوەی تاریکیی جامەکە و دەبێ پارەی هەموو ساڵانی رابردووش بدات.
- مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش مافی پشکنین و لێپرسینەوەیان لە مۆڵەتەکە دەبێت.
تەکسی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوە:
بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی رێنماییەکان جیاوازن، بەجۆرێک تەنیا رێگە بە "تاریککردنی جامی تەنیشتەکانی دواوە" دراوە، بە مەرجێک رێژەکەی لە 50% تێپەڕ نەکات. جامی پێشەوە و جامی دواوە و تەنیشتەکانی شۆفێر دەبێت 100% روون بن و نابێت تاریک بکرێن. هەروەها رێنماییەکان ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی و پیشەسازیش دەگرێتەوە.
لە رێنماییەکەدا هاتووە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک مۆڵەتی جامی تاریکی هەبێت و بفرۆشرێ، مۆڵەتەکەی بەسەردەچێت. کڕیارە نوێیەکە ناتوانێت سوود لە مۆڵەتی خاوەنی پێشوو وەربگرێ و دەبێت جارێکی دیکە داواکاری پێشکێش بکاتەوە.
ئەو لایەنانەی لە رێنماییەکە بەدەرکراون:
مۆڵەتی جامی تاریک بۆ ئەم لایەنانە بەبێ وەرگرتنی باج و رسومات دەکرێ:
- ئۆتۆمبێلەکانی پرۆتۆکۆڵی حکومەت.
- ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
- ئۆتۆمبێلی کۆنسووڵخانە، نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم رێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و کار بە رێنماییەکانی ژمارە 4 و 43ـی ساڵی 2020، و ژمارە 8ـی ساڵی 2022 ناکرێ.
دەقی رێنوێنییەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەم بەڵگەنامەیەی خوارەوەدا بخوێنەوە:
\



.jpg&w=3840&q=75)
